ئاکپارتی راپۆرتێکی 60 لاپەڕەیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئامادە کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، چەند پرسێک تاوتوێ کران. راپۆرتێکی 60 لاپەڕەیی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئامادەکرا و رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت بۆ گەڵاڵەکردنی لە کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئاکپارتی بەڕێوەچوو. ئەو راپۆرتەی ئاکپارتی تاوتوێ کراوە کە بڕیارە پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بکرێت، کە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا دامەزراوە. راپۆرتەکە کە چاوەڕوان دەکرێت رۆژی شەممە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت. لە سەرەتادا بڕیاربوو 50 لاپەڕە بێت، بەڵام بە زیادکردنی چەند بەشێک، بووەتە زیاتر لە 60 لاپەڕە.
 
ئەردۆغان، پەیامی روونی لەبارەی راپۆرتەکەوە داوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە سوورن لە سەرخستنی پرۆسەکە و بە بەرپرسانی باڵای حیزبەکەی گوتووە، "پاشگەزبوونەوە لەمە نییە. بە دڵنیاییەوە ئەم کارە چارەسەر دەکەین." 
 
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریاش تاوتوێ کراون. ئەردۆغان ئاماژەی بە سەردانیکردنی سووریا کردووە، هەرچەندە هێشتا وادەیەکی روون دیاری نەکراوە و رایگەیاندووە، "وەک میوان دەچینە سووریا."
 
هەر ئەمڕۆ، مەهەپە راپۆرتی تایبەتی پرۆسەی چارەسەریی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد. فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، راپۆرتەکەیان 120 لاپەڕەیە. رۆژی 10ـی کانوونی یەکەم، دەم پارتی راپۆرتێکی 99 لاپەڕەیی پێشکێش کرد. چاوەڕێ دەکرێت جەهەپە-ش رۆژی شەممە 13ـی مانگ راپۆرتی تایبەتی خۆی پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات.