تورکیا بڕیاریدا دوو دەروازەی لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دابخات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی نووسراوێکی بەپەلە کە واژۆی مستەفا گوموش، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگەکانی تورکیای لەسەرە، بڕیار دراوە هەردوو دەروازەی سنووریی سەرێکانی و حەمام لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دابخرێن.
 
لە نووسراوەکەدا، کە رۆژی 11ـی شوباتی 2026 لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی تورکیاوە دەرچووە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، تێیدا هاتووە، "بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکانی سەرێکانی و حەمام دراوە."
 
نووسراوەکە، کە بە "بەپەلە" پۆلێنکراوە، ئاماژە بەوە دەکات بڕیارەکە پاڵپشتە بە نووسراوێکی راوێژکاریی بازرگانیی باڵیۆزخانەی تورکیا لە دیمەشق، کە لەسەر بنەمای نووسراوێکی دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سووریا دەرچووە.
 
بەگوێرەی نووسراوەکە، بڕیاری داخستنی دەروازەی سنووریی سەرێکانی، کە بەرامبەر دەروازەی جەیلانپناری تورکیایە، هەروەها دەروازەی حەمام، کە بەرامبەر دەروازەی زەیتینداڵی-یە، "بەهۆی چەند هۆکارێکی سەرەکیی دارایی، تێچووی کارپێکردن، نزیکی لە دەروازەی دیکەی جێگرەوە و ئەوەی کە خاوەندارێتیی زەوییەکانیان بۆ دەوڵەت ناگەڕێتەوە،" دراوە.
 
لە کۆتایی نووسراوەکەدا هاتووە بڕیاری داخستنی ئەو دوو دەروازە سنوورییە لە کۆتایی مانگی شوباتی 2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت.