تورکیا: دوو لەسەر سێی درۆنە جەنگییەکانی جیهان دروست دەکەین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا رایگەیاند، پیشەسازی بەرگریی تورکیا، لە ریزبەندی 5 وڵاتی سەرەکی جیهان دایە و  لەرووی هەناردەی پیشەسازیی بەرگریش لە پلەی یازدەدان، هەروەها دەڵێت، دوو لەسەر سێی درۆنە جەنگییەکانی جیهان دروستکراوی تورکیان.
 
محەمەد فاتیح کاجر، وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆژیای تورکیا لە گوتارێکیدا لە لوتکەی ئابووری نێودەوڵەتی (2026(UEZ- کە لە11-4-2026 لەشاری سەکاریا بەڕێوەچوو، تیشکی خستە سەر تواناکانی پیشەسازی و هەناردەی تورکیا لە بازارەکانی جیهاندا. کاجر گوتی، "تورکیا پشکی خۆی لە بازرگانی جیهانیدا لە 0.55% بۆ 1.07% زیادکردووە، هەروەها پشکی لە بەهای بەرهەمهێنانی جیهانیدا لە 0.69% بۆ 1.38% زیادکردووە."
 
بە گوتەی کاجر، داهاتی پیشەسازیی تورکیا "لە ساڵی 2002 تاوەکو 2025 لە41 ملیار دۆلارەوە بۆ 264 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە."
 
کاجر باسی لە توانای تورکیا کرد بۆ بەرهەمهێنانی درۆن و گوتی، "کۆمپانیا تورکییەکان دوو لەسەر سێی بازاڕی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سەربازی جیهانییان بەدەستەوەیە."
 
کاجر ئاماژەی بەوەدا پیشەسازی بەرگری و فڕۆکەوانی لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی بەرچاوی کردووە، داهاتی ساڵانەی فرۆشتنی ئەو کەرتە 20 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە، هەناردەکردنیش لە 248 ملیۆن دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 10 ملیار دۆلار زیادیکردووە. گوتیشی، تورکیا له بواری بهرگری، بە تایبەتی لە هەناردەی فرۆکەی بێ فرۆکەوان، ئێستا لە پلەی یازدەمی جیهاندایە.