باخچەلی لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە: سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەم

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا- مەهەپە لەبارەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رایگەیاند، "تورکیا لە قۆناخێکی مێژووییدایە و بەم بڕیارە بەڵای پەکەکە کۆتایی دێت''.
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ''هیوادارم ئەو پەڕە خوێناوییەی بۆ ماوەی 47 ساڵ بە ناپاکی نووسرا، دابخرێت و جارێکی دیکە نەکرێتەوە''.
 
سەرۆکی مەهەپە دەڵێت، ''پارتەکەمان و هاوپەیمانی جمهوور هیچ کاتێک هەنگاویان بەرەو دواوە نەناوە، هەروەها ئیمراڵی (ئۆجەلان) و دەم پارتی زۆر بە وردی خوێندنەوەیان بۆ مەترسییەکانی سەر وڵاتەکەمان کرد''.
 
باخچەلی پێیوایە، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، ئامانجی یەکەمی سەت ساڵەی تورکیا بووە؛ گوتیشی: '' ئەمڕۆ ئاشتی و برایەتی براوە بوون، ئەمڕۆ سیاسەت و دیموکراسی براوە بوون''.
 
باخچەلی هەروەها سوپاسی کۆچکردوو، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاوسەرۆک و بەرپرسانی دەم پارتی کرد بەوەی، هەوڵیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری داوە.
 
سەرۆکی مەهەپە هەروەها دەڵێت، ''سوپاسی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەر و سەرۆکی پەکەکە دەکەم کە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی 27 شوباتی لە ئەستۆ گرت. سوپاسی ئەو شاندانە دەکەم کە گفتوگۆ و کۆبوونەوەیان لە نێوان ئیمراڵی - دەم پارتی و قەندیل کردووە''.
 
باخچەلی جەختیکردەوە، وێڕای ئەو هەموو شەڕ و پێکدادانەی سوپای تورکیا و پەکەکە، برایەتیی کورد و تورک تەگەرەی تێنەکەوتووە. دەشڵێت: ''تورک و کورد هەر لە سەرەتاوە یەکگرتوو و تەبا بوون. هیچ سیناریۆ، ناپاکی و بەڵایەکی دەرەکی و نێوخۆ ناتوانێت ئەم تەباییە تێکبدات''.
 
باخچەلی لەبارەی رێکارەکانی دانانی چەکەکان لەلایەن پەکەکەوە دەڵێت: ''لە کوێی دادەنێن؟ کەی دایدەنێن؟ بە چ مەرجێک دایدەنێن؟ لە چوارچێوەی چ سنوور و پێوەرێک دایدەنێن؟ ئایا ئەمانە چۆن و لەژێر چاودێریی کێ دەکرێن؟ دەبێت گفتوگۆ لەبارەی ئەم بابەتانەوە بکرێت''.
 
باخچەلی هەر لەمبارەیەوە گوتی: ''ئەگەری گواستنەوە لە پەکەکەی هەڵوەشاوەوە بۆ پەیەدە/یەپەگە، بە چ شێوازێک و چۆن چاودێرییەک دەبێت؟ ئەو رێکارانەی لەبارەی سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەوە دەگیرێنەبەر، لە چ سنوورێکدا دەبن؟ دەبێت تاوتوێی ئەمانە بکرێت''.
 
باخچەلی باسی هەنگاوەکانی دوای چەکدانانی پەکەکەی کرد و گوتی: ''دەبێت ئەو هەنگاوانە تاوتوێ بکرێن کە بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی سڤیل و چاکسازی سیاسی و یاسایی دەنرێن. هەروەها دەبێت گفتوگۆ لەبارەی ئەو هەنگاوە ستراتیژی و یاساییانەش بکرێت، کە برایەتیی هەزار ساڵە بەهێزتر دەکات''.