سەرۆکی جەهەپە لەبارەی بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە: پاڵپشتی لە ئاشتی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لەبارەی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت، ''کۆتاییهاتنی تیرۆری 47 ساڵە و وەستانی خوێن بۆ هەتاهەتایی، ویست و ئاواتی هاوبەشمانە. پاڵپشتی لە ئاشتی دەکەین''.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە رۆژی دووشەممە، 12ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، ''ئێمە وەک جەهەپە پاڵپشتی لە ئاشتی دەکەین. هەمیشە لە دژی تیرۆر و تووندوتیژی وەستاوینەتەوە، لەمەودواش بە هەمان هەڵوێست بەردەوام دەبین''.
ئۆزەل جەختی لەوە کردەوە، نابێت پرۆسەی چارەسەری بۆ هیچ جۆرە بەرژەوەندیێکی بەکاربهێندرێت و گوتی: ''چاوەڕێین قۆناخەکانی پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەن. چاوەڕێین، تیرۆر کە زیانی زۆری گیانی و ئابووری لە وڵاتەکەمان داوە، بە تەواوی بنبڕ بکرێت''.
سەرۆکی جەهەپە پێیوایە، پرسی کورد لەڕێگەی بەرقەرارکردنی دیموکراسی و دادپەروەری لە تورکیا چارەسەر دەکرێت؛ دەشڵێت، ''ئاشتیی نێوخۆ، لە وڵاتاندا لەڕێی سیستەمێکی یاسایی و دیموکراسیدا چارەسەر دەکرێت، نەوەک سیستەمێکی خۆسەپێن''.
سەرۆکی جەهەپە جەختیکردەوە، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت حکومەتی تورکیا کۆتایی بە دانانی قەییوم بۆ سەر شارەوانییەکانی دەم پارتی بهێنێت. گوتیشی: "دەبێت لە پەرلەمان و لە چوارچێوەی یاسادا هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی چارەسەری جێبەجێ بکرێن."
ئۆزەل وەک هەنگاوێک بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە، داوای لە حکومەتی تورکیا کرد، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و ئومیت ئۆزداغ سەۆکی پارتە زافەر ئازاد بکرێن.
ئەو گوتانەی سەرۆکی جەهەپە لە کاتێکدان، بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە، پەکەکە بە فەرمی هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.