هاوسەرۆکی دەم پارتی بۆ کورتوڵموش: ببە بە هێزی پاڵنەر بۆ بە یاساییکردنی راپۆرتی ئاشتی
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی داوا لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەکات، پەرلەمان وەک "ناوبژیوان و پردێک" کار بکات بۆ بە یاساییکردنی راپۆرتی ئاشتی و رێگری لە چەقبەستوویی پرۆسەکە بگرێت.
تولای هاتیمۆغڵوڵاری، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا، چەند داواکارییەکی ئاراستەی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و دۆخی سیاسیی وڵات.
هاتیمۆغڵوڵاری داوای لە سەرۆکی پەرلەمان کرد، پڕۆژەبڕیار و راپۆرتی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و گوتی: "داوا دەکەم سەرۆکی پەرلەمان هەموو بەرنامەکانی دیکە وەلا بنێت و سەرپەرشتیی پرۆسەی بە یاساییکردنی راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئاشتی بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پەرلەمان ببێتە پردێک لە نێوان لایەنەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، هەروەها داوای کرد هەر لەم هەفتەیەدا خشتەی کاتی و نەخشەڕێگەی ئاشتی دیاری بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا، هاتیمۆغڵوڵاری باسی لە دۆخی سەرۆک شارەوانییە دەستبەسەرکراوەکان کرد و رەخنەی لە سیاسەتی دانانی قەیوم گرت. ئاماژەی بەوە کرد کە لە ساڵی 2014ـەوە ئیرادەی گەلی جۆلەمێرگ (هەکاری) "رووبەڕووی ستەم بووەتەوە" و داوای کرد سەرجەم هەڵبژێردراوەکان ئازاد بکرێن و بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان.
سەبارەت بە داخستنی دۆسیەی کوژرانی حەوت کەس لە کەیسێکی "ژیتەم" بە بیانووی تێپەڕبوونی کات (بەسەرچوونی یاسایی)، هاتیمۆغڵوڵاری ناڕەزایەتی دەربڕی و رایگەیاند: "لەو تاوانانەی دژی مرۆڤایەتی دەکرێت، شتێک نییە بە ناوی تێپەڕبوونی کات."
هاتیمۆغڵوڵاری ئاماژەی بە "دەسماڵە سپییەکانی دایکانی ئاشتی" کرد کە پێشکەشی پەرلەمانیان کردووە و گوتی، ئەو دەسماڵانە بانگەوازێکی پیرۆزن بۆ ئاشتی. داوایشی کرد پەرلەمان ئەو داواکارییە بکاتە بنەمایەک بۆ دەرکردنی "یاسای ئاشتی" تاوەکو وڵات لەو دۆخە چەقبەستووە رزگاری بێت.