هاکان فیدان: ئەمریکا و ئێران ویستی پێویستیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ هەیە
رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێ، پێیوایە واشنتن و تاران ویستی پێویستیان بۆ راگرتنی جەنگ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام هەیە. وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، دەستپێکردنەوەی گرژییەکان زیان بە ئاسایشی وزەی جیهان و سەقامگیریی ناوچەکە دەگەیێنێت.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە) کە رۆژی سێشەممە، 12-05-2026 پەخشکرا، هاکان فیدان گوتی، لەپێشترین نیگەرانیی تورکیا دڵنیابوونەوەیە لەوەی ئاگربەستە هەنووکەییەکە بەردەوام بێت.
هاکان فیدان هۆشداری دا و گوتی: "جێگرەوەی ئاگربەست گەڕانەوەیە بۆ جەنگ کە هیچ کەس نایەوێ جارێکی دیکە ئەو سیناریۆیە ببینێت، چونکە ئێستا تەواوی ئابووریی جیهان و ئاسایشی وزە بەهۆی ئەم جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەڵبەز و دابەزی نێو دانوستاندنەکانی بە بەشێکی ئاسایی هەر پرۆسەیەکی دانوستاندن ناوبرد.
هاکان فیدان سەبارەت بە رەتکردنەوەی دوایین پێشنیازی تاران لەلایەن واشنتنەوە گوتی: "لایەنی ئەمریکی ئەوەی پێشنیازکراوە رەتی دەکاتەوە، بەڵام هەمیشە دەکرێ پێشنیازەکان دابڕێژرێنەوە و وشەسازییان بۆ بکرێتەوە. پێم وایە دەکرێ بگەینە وشەسازییەکی نوێی جێی قبووڵکردن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، نێوەندگیران و لایەنەکان دەتوانن لە کاتی دانوستاندنەکاندا پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیاندا بکەن و متمانەی خۆی دووپات کردەوە کە گفتوگۆکان بەردەوام دەبن.
فیدان باسی لە گرنگیی گەڕاندنەوەی هاتووچۆی ئازاد لە تەنگەی هورمز بۆ دۆخی پێش جەنگ کرد و هۆشداری دا، سەپاندنی رێککەوتنێکی نوێ بێ رەزامەندیی بەرفراوانی نێودەوڵەتی، دەکرێ ببێتە "سەرچاوەیەکی نوێی جەنگێکی نوێ."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ستایشی هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستانی کرد و گوتی، تورکیا لەگەڵ قەتەر و سعودیە هاوئاهەنگی دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە رێڕۆی دیپلۆماسی؛ گوتیشی، "هەموومان قسە لەگەڵ یەکدی دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لە کوێداین و چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی باشتر بەشداری لە پرۆسە بەردەوامەکەدا بکەین." فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتانی هەرێمی لەوانەش میسر و ئوردن راوێژ دەکەن.
هاکان فیدان هۆشداری دا کە دەستپێکردنەوەی شەڕ "دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژی و کارەساتی زیاتر و کاریگەریی نەرێنی بۆ ئابووریی جیهان و سەقامگیریی هەرێمی دەبێت."