پیاوێک دوای جیابوونەوە سلیکۆنی سنگی ژنەکەی دەتەقێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئیستەنبووڵ پیاوێک دوای جیابوونەوەی لە ژنەکەی، سلیکۆنی سنگی ژنەکەی تەقاندووە و گوتوویەتی: ئەم جوانکارییە بە پارەی من کراوە و نابێت کەسێکی دیکە خێری لێ ببینێت. 
 
دوڕسون و ئەلیف ماوەی 10 ساڵ هاوژینی یەکدی بوون و سێ منداڵیان هەیە، بەڵام بەهۆی کێشەی نێوانیانەوە لە دادگە جیابوونەوە. دوڕسون تەمەنی 42 ساڵە و ئەلیف تەمەنی 41 ساڵە. لەوکاتەی هاوژین بوون، دوڕسون جوانکاریی سنگی بۆ ژنەکەی کردووە. ئەوان دوای جیابوونەوەش بەهۆی کاروباری منداڵەکانەوە ناو بەناو پەیوەندیی تەلەفۆنییان هەبووە. ئەلیف بە دوڕسونی گوتووە: "ئیدی پەیوەندیم پێوە مەکە، چونکە من ئێستا خۆشەویستم هەیە. ئەو سلیکۆنەی تۆ لەسەر گیرفانی خۆت بۆت کردم، ئێستا پیاوێکی دیکە دەستی لێدەدا." 
 
دوڕسون هەروەک خۆی باسیکردووە، شێت دەبێت و بەخۆی و دەرنافیسیکەوە بۆی دەچێتە ناوچەی کاغتهانەی ئیستەنبووڵ و چاوەڕێی دەکات. لە دەرفەتێکدا پەلاماری ئەلیف دەدات و بە دەرنافیس سلیکۆنەکەی سنگی دەتەقێنێت و پێی دەڵێت: "ئەم جوانکارییە بە پارەی من کراوە و نابێت کەسێکی دیکە خێری لێ ببینێت" دواتر دوڕسون رادەکات. 
 
ئەلیف کە بریندار دەبێت، دەگواسترێتەوە نەخۆشخانە و ئێستا لە ژێر چاودێرییە. پزیشکەکان بە ناچاری سلیکۆنەکەیان دەرهێنا و ئەلیف ئێستا تەندروستیی جێگیرە. راستەوخۆ سکاڵای لەسەر هاوژینەکەی پێشووی تۆمارکرد.
 
دوڕسونی تۆمەتبار لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و دوای لێپرسینەوە، دانی بەوەدانا کە سلیکۆنی سنگی هاوژینی پێشووی تەقاندووە. دوڕسون کە پێشتر لەبەر ئەوەی منداڵەکان تەنیا نەبن، داوای ئازادکردنی کردبوو و داواکەی پەسندکرابوو، بە تۆمەتی 'بریندارکردنی ئەنقەست' خرایە گرتووخانەوە و پرۆسەی لێپرسینەوە دەستیپێکردووە.