دایكی بەسێ هۆزات داوای ئاشتی لە كچەكەی دەكات
رووداو-RADIKAL
دوای هەڵبژاردنی بەسێ هۆزات، وەك هاوسەرۆكی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK دایكی داوای لێدەكات ئاشتی بێنێتە ئاراوە، هیوای ئەوەش دەخوازێت بەر لەوەی بمرێ هۆزات ببینێ.
گەیك ئۆران، دایكی هولیا ئۆران -ی ناسراو بە بەسێ هۆزات، كە لە (گەڕەكی نوێ)ی دێرسیم بە تەنیا دەژی، دەڵێت "19-20 ساڵە كچەكەم نەبینیوە، ساڵانێكە بە حەسرەتی هۆزاتەوەم، ئەو سەرچاوەی دڵخۆشبوونی منە، ئەگەر ئاشتی بێت و دیسانەوە بە كچەكەم شاد ببمەوە، 7 قوربانیی سەر دەبڕم".
دایكی بەسێ دەڵێت "من لایەنگری ئاشتیم، دەخوازم كچەكەم ئاشتی بێنێتە ئاراوە، دەمەوێ بەرلەوەی بمرم كچەكەم ببینم، بێتەوە و لە دۆخێكی ئارامدا لەباوەشی بگرم".
گەیك ئۆران، دایكی 10 منداڵە و ئاماژە بەوە دەكات لەنێو هەموو منداڵەكانیدا تەنیا بەسێی خستۆتە بەر خوێندن و لە قەیسەری قۆناخی ئامادەیی تەواوكردووە و بڕوانامەی پەیمانگای پەرستاری بەدەستهێناوە. ئاماژە بەوەش دەكات "لە پشووی هاوینی 19 ساڵ پێش ئێستا (1994) بەسێ چووەتە شاخ و نەگەڕاوەتەوە".
گۆنول یلدز، كە خوشكی گەورەی بەسێ هۆزات-ە، دەڵێ "دوای بەسێ، نورای خوشكە بچووكیشمان چووە شاخ، بەڵام لە رووبەڕووبوونەوەیەكدا لە دێرسیم كوژرا، دوای ئەوەی بەسێ چووە شاخ دایكم مانی لە خواردن و خواردنەوە گرت و دەیگوت؛ بۆ كێ خواردن درووست بكەم". باوكیشم دوای 13 ساڵ لە رۆیشتنی بەسێ كۆچی دوایی كرد".
لە كۆنگرەی نۆیەمی (كۆنگرەی گەل)ی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK، كە لە 30/6/2013 تاوەكو 5/7/2013 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا سیستمی هاوسەرۆكی جێگەی سیستمی سەرۆكایەتی كۆما جڤاكێن كوردستان KCK بگرێتەوە و (جەمیل بایك) و (بەسێ هۆزات) بە هاوسەرۆكانی كۆما جڤاكێن كوردستان هەڵبژێردران و شوێنی موراد قەرەیلان-یان گرتەوە.
و: فەرهاد چۆمانی