پەروین بوڵدان: باخچەلی خاوەندارێتی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاری دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، سەرۆکی مەهەپە پاڵپشتی و خاوەندارێتی لە پرۆسەی چارەسەری دەکات. ئاماژە بەوەش دەکات، "ئیدی پێویستە لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکرێت."
پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا چەکدانانە سیمبوولییەکەی 30 گەریلاکەی پەکەکەی بە "رێوڕەسمێکی مێژوویی" ناوبرد و گوتیشی، "بۆئەوەی پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بچێت، پێویستی بە هەنگاوی خێراتر و جیاوازترە."
لە پرۆسەی ئەمجارەی چارەسەری لە تورکیادا، بە گوتەی بوڵدان، "ویستێکی رژدی سیاسی" لەنێوان لایەنەکاندا هەیە. ئاماژەی بەوەش کرد، "لە پرۆسەی پێشوودا بەڕێز باخچەلی لە بەرامبەر بەڕێز ئۆجەلان هەستی نەتەوەپەرستیی هەبوو، بەڵام ئەمڕۆ لەنێو پرۆسەکەدایە و خاوەندارێتیی دەکات، پاڵپشتیی دەکات و تەنانەت هەر خۆی پرۆسەکەی دەستپێکرد."
ساڵی 2013 پرۆسەی چارەسەری لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد و تاوەکو 2015 بەردەوام بوو.
بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەکە گەیشتووەتە قۆناخێکی نوێ، "بەڵام پێویستە ئیدی لە چوارچێوەیەکی یاساییدا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا بکرێت."
بوڵدان بە پێویستی دەزانێت، بە زوویی لیژنەی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت و لە چوارچێوەی یاسادا مافی سیاسەتکردن بە گەریلاکانی پەکەکە لەو وڵاتە بدرێت.
پێشنیوەڕۆی دوێنێ هەینی، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانی سیمبوولیی گرووپێکی پەکەکە لە کاتێکدایە، 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.