ئاگر لە دارستانەکانی مەرەشی باکووری کوردستان و 4 پارێزگای تورکیا کەوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی مەرەشی باکووری کوردستان و هەریەکە لە پارێزگاکانی چاناکالە، بۆڵو، مانیسا و ئیزمیری تورکیا کەوتووەتەوە و هەوڵی تیمەکان بۆ کوژاندنەوەیان بەردەوامە.
دوێنێ دووشەممە 11ی ئابی 2025، لە دارستانەکانی مەرەشی باکووری کوردستان 50 ئاگر و لە پارێزگاکانی تورکیا 6 ئاگر کەوتوونەتەوە. بە گوتەی ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، تیمەکان لە ئاسمان و وشکانی هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکانیان دا و زۆربەیان کۆنترۆڵ کردوون.
یوماکڵی گوتی، ئاگری بەشێک لە دارستانی پارێزگاکان بەردەوامە، ئەوانیش؛ شارۆچکەی گۆکسون لە مەرەشی باکووری کوردستان، شارۆچکەی سۆما لە مانیسا، شارۆچکەی مودورنو لە بۆڵو، شارۆچکەی ئایڤاجیک لە چاناکالە و شارۆچکەی دیکیلی لە ئیزمیر.
ئاگرەکەی شارۆچکەی گۆکسونی مەرەشی باکووری کوردستان، بە هۆکارێکی نادیار لە ناوچەیەکی سەوزایی لە گەڕەکی کافشوت کەوتەوە و دواتریش تەشەنەی سەند.
تیمەکان شارەوانیی شارۆچکەکە، 126 کارمەند و پێنج هەلیکۆپتەر و چەندین ئامێری دیکەی ئاگر کوژێنەوەیان رەوانەی شوێنەکە کرد.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، هەوڵی تیمەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەردەوامن.