پەیامنێرانی رووداو لە ئامەد دوو خەڵاتیان بەدەستهێنا
رووداو دیجیتاڵ
لە رێوڕەسمێکدا لە شاری ئامەد لە باکووری کوردستان، خەڵاتی رۆژنامەڤانە سەرکەوتووەکانی ساڵ لەلایەن کۆمەڵەی رۆژنامەڤانانی باشووری رۆژهەڵات (GGC)دابەشکرا و پەیامنێرانی رووداو دوو خەڵاتیان بەدەستهێنا.
لە رێوڕەسمەکەدا کە 39یەمین خولی دابەشکردنی خەڵاتەکان بوو، هاوسەرۆکی شارەوانیی وان، رۆژنامەڤانان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادەبوون.
دوو پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لەو رێوڕەسمەدا توانیان دوو خاڵات ببەنەوە. عەبدولسەلام ئاکنجی لە بەشی هەواڵە کوردییەکان خەڵاتی یەکەم و شەوکەت هەرکی خەڵاتی رێزلێنانی تایبەتی وەرگرت.
عەبدولسەلام ئاکنجی بە هەواڵێک بە ناوی "دەسماڵی بێمەرازی" لە بەشی هەواڵە کوردییەکان بە شایستەی خەڵاتی یەکەم ناسێندرا و شەوکەت هەرکی بە هەواڵی "چیرۆکی دوو برای بێ کەس و هەژار" خەڵاتی رێزلێنانی پێبەخشرا.
لە رێوڕەسمەکەدا ژمارەیەک رۆژنامەڤان، دەزگەی میدیایی و کەسایەتی خەڵاتکران، لەوانە خەڵاتی تایبەتی GGC درا بە نیزامەدین کابائیش بەهۆی خەباتی بۆ دادپەروەری بۆ کچەکەی بەناوی رۆژین. خەڵاتی ئازادیی چاپەمەنی درایە کەناڵی جەزیرە بەهۆی کوژرانی رۆژنامەڤانەکانیان لە جەنگی غەززەدا.
هەر لەو رێوڕەسمەدا، خەڵاتی تایبەتی دادوەران بەخشرایە کۆچکردوو سڕڕی سوورەیا ئۆندەر، بەهۆی هەوڵەکانی بۆ ئاشتی.