لە جیاتی زێڕ، سەگێک پێشکێشی بووک و زاوا کرا
رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای چیڤریلی سەر بە پارێزگای دەنیزلی لە تورکیا، لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا، سەگێک وەک دیاری پێشکێشی بووک و زاوا کرا.
موعەممەر ئاکچومەن-ی تەمەن 22 ساڵ، کە وەک چێشتلێنەر لە یانەیەکی وەرزشیی کاردەکات، لەگەڵ توغبا ئاکچومەن، لە هۆڵێکدا ئاهەنگی هاوسەرگیرییان ساز کرد.
لە کاتی ئاهەنگەکەدا، یەکێک لە میوانەکان بە ناوی سولەیمان گولتەکین، تەمەن 35 ساڵ، تووتکەسەگێکی لە جۆری کەنگالی بە دیاری دایە زاوا.
بووک و زاوا بە بینینی دیارییە نامۆکە سەرسام بوون و بۆ ماوەیەک تووتکە سەگەکەیان لەباوەش گرت. میوانەکانیش کە بە دیارییەکە سەرسام ببوون، وێنەیان دەگرت.
موعەممەر ئاکچومەن-ی زاوا رایگەیاند، کاتێک لە رێوڕەسمی پێشکێشکردنی دیارییەکاندا تووتکە سەگەکەی بینیوە، زۆر سەرسام بووە و گوتی: "پێشتر هاوڕێکەم پێیگوتبووم کە لە ئاهەنگەکەمدا سەگی رەسەنی بۆ دێنێت کە زۆرم خۆشدەوێت، بەڵام من باوەڕم پێنەکرد. دواتر لە کاتی دیارییەکاندا لەگەڵ گۆرانییەکی خۆشدا بە سەگەکەوە هاتە ژوورەوە. هەمووان زۆر سەرسام بوون."
توغبا ئاکچومەن-ی بووک، گوتی کە ئەویش بە بینینی تووتکە سەگەکە زۆر سەرسام بووە و ئاهەنگەکەیان بەو شێوەیە مانایەکی زیاتری پەیدا کردووە.
سولەیمان گولتەکینیش ئاماژەی بەوەدا، لەبەرئەوەی هاوڕێکەی حەزی لەو جۆرە سەگانەیە، ویستوویەتی دیارییەکی لەو شێوەیەی پێشکێش بکات.