پار نزیکەی 198 هەزار کەس لە تورکیا دەستگیرکراون

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پار نزیکەی 198 هەزار کەسیان دەستگیرکردووە، کە لەلایەن دادگەکانەوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرابوو و بەشێکیشیان داواکراو بوون.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ساڵی 2024 لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی "ئابڵووقە"دا کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا بەڕێوەچوو، 197 هەزار و 940 تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگەوە، دەستگیرکران. 
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، 901 تۆمەتبار زیاتر لە 10 ساڵە داواکراون، هەزار و 249 تۆمەتبار زیاتر لە پێنج ساڵە و 195 هەزار و 790 تۆمەتباریش 1-5 ساڵە بە تۆمەتی جیاوازەوە داواکراون. 
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، 71٪ی ئەو تاوانەی تۆمەتبارەکان کردوویانە؛ دزیکردن، فێڵکردن، ساختەکاری، تاڵانکردن، کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، مادەی هۆشبەر، تیرۆر و قاچاخ بە هەموو جۆرەکانییەوە. 
 
ئۆپەراسیۆنەکان بەهاوبەشی تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و هەواڵگریی ناوخۆ دەستگیرکران و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و نوێکردنەوەی دۆسێکانیان، رادەستی دادگە دەکرێن بۆ سزادانیان. 
 
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە دژی تۆمەتبارە داواکراوەکان ئەنجامی دەدات، بەپێی بەرنامەیەکی تایبەتی مانگانە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وەزارەتەکەوە بەڕێوەدەچێت.