پەروین بوڵدان: ئۆجەلان لە گوشارە سیاسییەکانی سەر جەهەپە نیگەرانە
رووداو دیجیتاڵ
پەروین بوڵدان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان تەنیا پەیوەست نییە بە پرسی کورد، بەڵکو بە هەموو پرسێک کە پەیوەستە بە داهاتووی تورکیا. هەروەها باس لە بۆچوونی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکە دەکات لەسەر پارتی گەلی کۆماری – جەهەپە و دەڵێت "ئۆجەلان بە گوشارە سیاسییەکانی سەر جەهەپە نیگەرانە و چاوەرێی ئەوەیە جەهەپە باشتر رۆڵ لە پرۆسەی چارەسەری بگێڕێت."
لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ رۆژنامەی KARARی تورکی، پەروین بوڵدان بۆ یەکەمجار باسی هەندێ وردەکاریی دانیشتنەکانی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان و ئەردۆغان دەکات.
بوڵدان لەبارەی هەوڵەکانیان لە پرۆسەی چارەسەری گوتی: "پرۆسەی چارەسەری تەنیا گەرەنتیکردنی داهاتووی کورد نییە، بەڵکو ئەو پرۆسەیە پەیوەستە بە تەواوی کۆمەڵگەی تورکیا."
هەروەها لەبارەی هەڵوێست و چاوەروانیی ئۆجەلان لە جەهەپە گوتی: "ئۆجەلان چەند جارێک نیگەرانیی خۆی لەبارەی گوشارە سیاسییەکانی سەر جەهەپە دەربڕیوە. ئۆجەلان چاوەروانی زیاتری لە جەهەپە هەیە و دەیەوێت جەهەپە هەنگاوی بوێرانەتری هەبێت لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی چارەسەری."
بوڵدان باسی هەندێ وردەکاری کردووە لەبارەی دانیشتنەکانی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئەردۆغان. ئاماژەی بەوە کردووە کە لە دانیشتنەکاندا ئەردۆغان زیاتر وەکو "گوێگر" دادەنیشێت و کەمتر دەدوێت. "لە دانیشتنەکانمان لەگەڵ بەرێز سەرۆککۆمار زیاتر ئێمە قسە دەکەین، لەوێ دەسەڵاتدارانی دەوڵەتەیش ئامادە دەبن و قسە دەکەن. بەرێز سەرۆککۆمار زیاتر گوێدەگرێت و لە کۆتایی دا بە کورتی نیازپاکی بۆ چارەسەری کێشەکان دەردەخات."
سەبارەت بە گوشارەکانی سەر جەهەپەش گوتی، "چەند جارێک داوای هەڵگرتنی گوشارە سیاسییەکانی سەر جەهەپەمان کردووە لە بەرێز سەرۆککۆمار، بەڵام وڵاممان ناداتەوە."