خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە؛ "هەلێکی زێڕین" بۆ بازرگانیی هەرێمی کوردستان و تورکیا
رووداو دیجیتاڵ
بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە نیو سەدە شەڕ، هەواڵی بوومەلەرزەئاسای ئەم رۆژانەیە؛ هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن ئیدی هەوری سپیی ئاشتی باڵ بەسەر ناوچەی ململانێکاندا بکێشێت.
لووتکەی بازرگانانی عێراق و تورکیا لە هەولێر بەڕێوەچوو، بەرپرسانی هەردوو وڵات گەشبینن بە دۆخەکە. محەممەد ساڵح، بازرگانێکی مێرسینی باکووری کوردستانە، دوای چەندین ساڵ کارکردنی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئێستا بەنیازە کارگەیەک لە هەولێر بکاتەوە.
محەمەد ساڵح چەلیک، سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانان و پیشەسازانی تورکیا - عێراق دەڵێت، "ئەو گرفتە تەواو ببێت، زۆر بۆ بازرگانیمان باشە. ئێستا کۆمپانیاکانمان لە کوردستان و تورکیا لە دەروازە سنووریەکان زەحمەتی زۆر دەبینن، ئەم زەحمەتیانە بەڵکو تەواو ببێت؛ ئەگەر ئاسایش بەرقەرار بێت، قەبارەی بازرگانی گەورەتر دەبێت، ئێمەش چاودێریی دۆخەکە دەکەین و چاومان لێیەتی. ئەمە زۆر گرنگە."
لە لووتکەکە 100 بازرگانی هەرێمی کوردستان، باکووری کوردستان و تورکیا بە نوێنەرایەتیی 32 کەرتی ئابووری گەنگەشەی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانیان دەکرد.
یوسف کاهڤاچی، بازرگانی بورسا دەڵێت، "بەڕای من، هەردوو لایەن بڕیارێکی زۆر راستیان داوە، ئەو شوێنەی ئارامی و ئاسایشی هەبێت خودکارانە پێشکەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، زەمینەی بازرگانی دروست دەبێت، خەڵکەکەی دڵخۆش دەبن، پشتیوان بە خودا لە هەنگاوەکانی داهاتوودا پێشکەوتنی زیاترمان دەوێت."
سەرکەوت بازرگانی زێڕە لە هەولێر، پرۆسەی ئاشتی بە هەلێکی زێڕین دەزانێت بۆ خۆی و سەتان بازرگانی دیکە، تاوەکو لەپاڵ ئیستەنبووڵدا روو لە شارەکانی باکووری کوردستانیش بکەن.
سەرکەوت ئەنوەر، بازرگانی زێڕ دەڵێت، "لەگەڵ کۆمپانیاکانی وان، هەکاری و سێرت و ئەم شوێنانە، کارگەی زۆر بەهێز هەن، بیرۆکەی زۆر بەهێزیان هەیە، دەتوانین لەم شتانە شتی کوردەواریی خۆمان، واتە بەرهەمی کوردەواریی خۆمان بهێنینە ئێرە و هی خۆشمان ببەینە ئەوێ."
کامەران باجگر، جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر رایگەیاند، "لە هەر شوێنێک شەڕ نەبێت، خەڵک بە ئارەزووی خۆی هاتووچۆ دەکات و رێگەی ئاسانتر دەدۆزێتەوە بۆ بارهەڵگران و ترس نامێنێت، کە ترس نەمێنێت خەڵک دڵەڕاوکێی نابێت و بارهەڵگرەکان دێنەوە. ئەمانە زۆر کاریگەرییان هەیە، بەڵام ئەگەر بێتو شەڕ هەبێت، چەند کاژێرێک بارهەڵگرەکان رێگەی خۆیان دوورتر دەکەنەوە."
هەرێمی کوردستان و تورکیا نزیکەی 370 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و سێ دەروازەی فەرمییان لەنێواندایە، 18 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی وشکانیی تورکیا و عێراق لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت.