راپرسییەک: دەنگدەرانی ئاکپارتی و مەهەپە ئۆجەلان بە "نوێنەری کورد" دەزانن نەک دەمیرتاش
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامەکانی راپرسییەکی نوێ لە تورکیا سوپرایزێکی گەورەی تێدایە؛ لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵک سەڵاحەدین دەمیرتاش وەک نوێنەری داواکارییەکانی کورد دەبینن، بەڵام دەنگدەرانی ئاکپارتی و مەهەپە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان-یان پێ باشترە.
ناوەندی راپرسی و راوێژکاریی ئانک-ئار (Ank-Ar) راپرسییەکی لەژێر ناونیشانی "کێ باشتر نوێنەرایەتیی داواکاری و بۆچوونی کورد دەکات؟" کردووە. ئەنجامە گشتییەکان دەریدەخەن کە لەسەر ئاستی تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە رێژەی 63.9% لە پێشە، لە بەرامبەردا عەبدوڵڵا ئۆجەلان 22.6%ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
هاوپەیمانیی جمهور؛ "ئۆجەلان"یان لا پەسندترە
ئەوەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمانی چاودێرانی سیاسی، هەڵوێستی دەنگدەرانی باڵی دەسەڵاتە (ئاکپارتی و مەهەپە). بەپێی راپرسییەکە، بنکەی جەماوەریی ئەو دوو پارتە بە پێچەوانەی شەقامی تورکیاوە بیردەکەنەوە:
- دەنگدەرانی ئاکپارتی: 48.0% پێیانوایە ئۆجەلان نوێنەرایەتیی کورد دەکات، لە بەرامبەردا 41.0% بۆ دەمیرتاش.
- دەنگدەرانی مەهەپە: 44.5% ئۆجەلانیان هەڵبژاردووە، لە بەرامبەر 40.9% بۆ دەمیرتاش.
دەم پارتی و ئۆپۆزیسیۆن لەسەر دەمیرتاش کۆکن
لەنێو لایەنگرانی دەم پارتیدا، کە پێگەی سەرەکیی دەنگی کوردن، جیاوازییەکە زۆر گەورەیە؛ 80%ـی دەنگدەرانی دەم پارتی دەمیرتاش بە نوێنەری راستەقینەی خۆیان دەزانن و تەنیا 17.9% ناوی ئۆجەلانیان هێناوە.
پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنیش بە هەمان شێوە دەمیرتاش وەک لایەنێکی "شەرعیتر" دەبینن:
- جەهەپە: 82.4% دەمیرتاش و 11.6% ئۆجەلان
- ئیی پارتی: 71.4% دەمیرتاش و 8.2% ئۆجەلان
- پارتیی سەرلەنوێ رەفاهـ: 69.1% دەمیرتاش و 21.8% ئۆجەلان
ئەم راپرسییە لە کاتێکدایە کە ناوە ناوە پرسی "پرۆسەی ئاشتی" یان گفتوگۆ لە تورکیا گەرم دەبێتەوە. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شەقامی تورکیا و ئۆپۆزیسیۆن، دەمیرتاش وەک کارەکتەرێکی سیاسیی شەرعی بۆ گفتوگۆ دەبینن، بەڵام دەنگدەرانی دەسەڵات (ئاکپارتی و مەهەپە) زیاتر مەیلیان بەرەو لایەنی ئۆجەلانە، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو گوتارە سیاسییەیە کە دەسەڵات لەم دواییانەدا لەسەر پرسی "دیالۆگ" لەگەڵ ئیمراڵی جارێکی دیکە وروژاندوویەتی.