تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند
رووداو دیجیتاڵ
سوپای تورکیا کوژرانی سەربازێکی دیکەی لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەک لە دژی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 12ی تەممووزی 2023 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر کوژرانی سەربازێکی دیکەی وڵاتەکەی بەناوی ئەردەم کاڤلاک راگەیاند، کە رۆژی 11ی تەممووز لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری ناوچەکانی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لە ناوچەی زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان کوژراوە.
ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای تورکیا لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەوە لە هەرێمی کوردستان کوژراون، گەیشتووەتە 93 سەرباز.
رۆژی 2ی تەممووزی 2023، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 9 گەریلای لە خاکی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، گەریلاکان لە ناوچەی مەتین و خواکوڕک کراونەتە ئامانج.
رۆژی 29ی حوزەیرانی 2023، لە راگەیێندراوێکدا ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە بڵاویکردەوە، گەریلاکانی پەکەکە هێرشیان کردووەتە سەر کاروانێکی سەربازیی سوپای تورکیا لە ناوچەی زاپ و لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەیەکی سەختدا سێ سەرباز کوژران و سێ گەریلاش کە دووانیان دوای ئەوەی بە سەختی برینداربوون گیانیان لەدەستدا.
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆسەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیان لەدەستدانی 574 گەریلا و کوژرانی 93 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 932 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 340 گەریلای راگەیاندووە.