هاوسەرۆکی دەم پارتی: لە پرۆسەی چارەسەریدا دەسەڵات هیچ هەنگاوێکی کردەیی نەناوە

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی رایگەیاند، "لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەییمان لەم دەسەڵاتەوە نەبینیوە" و دەڵێت، خەڵک دەپرسن "چۆن باوەڕ بەم پرۆسەیە بکەین و چۆن متمانەی پێبکەین؟".
 
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە شارۆچکەی بورهانییەی پارێزگای باڵکئەسیر-ی تورکیا بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی پارتەکەیدا کرد.
 
هاتیمئۆغوڵڵاری، ئاماژەی بەو خاڵانە کرد کە پێویستە لە راپۆرتی هاوبەشی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیادا هەبن و گوتی: "هیوادارم لەو راپۆرتەدا ئەم راستکردنەوانە بکرێن. یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان کە وەک کەموکورتی لە دەقە دزەپێکراوەکەدا بینیمان، 'مافی هیوا'یە. پێویستە مافی هیوا بە شێوەیەک لە شێوەکان لەم راپۆرتەدا جێی ببێتەوە و میکانیزمێکی بۆ دابین بکرێت."
 
راشیگەیاند، مافی هیوا بۆیە گرنگە دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بڕیاری بۆ دەرکردووە و هەروەها هەزاران کەس لە تورکیا سوودی لێ وەردەگرن. هەروەها، بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە ئەکتەری سەرەکییە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد دا، پێویستە مافی هیوا لەم راپۆرتەدا جێی بکرێتەوە. 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری، باسی لەوەش کرد، "بابەتێکی دیکە کە پێویستە لەم راپۆرتەدا هەبێت، یاسای تایبەتە. مەبەست لە یاسای تایبەت، ئەو یاسایەیە کە چەکدانان مسۆگەر دەکات. بابەتێکی دیکە دیموکراتیزەکردنە. پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ دیموکراتیزەکردن بنرێت. ئەم هەنگاوە کردەییانە چین؟ پێش هەموو شتێک، پێویستە یاسای قەییوم هەڵبوەشێتەوە. دەبێت قەییومەکان لە کارەکانیان دووربخرێنەوە و سەرۆک شارەوانی و هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکان بگەڕێندرێنەوە سەر کارەکانیان. چونکە وەک دەزانن، تەنیا بۆ پارتی ئێمە قەییوم دانەنرا، بەڵکو بۆ شارەوانییەکانی جەهەپەش دانرا. ئەگەر باسی دیموکراسی دەکەین، دیموکراسی لە نێوخۆوە دەستپێدەکات. ئەگەر لە ئیدارە خۆجێیەکاندا دیموکراسی نەبێت، ناتوانرێت باس لە پیتی 'د'ی دیموکراسیش بکرێت."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتیشی، "پێویستە گۆڕانکاری و هەمواری جیدی لە یاسای سزای تورکیا (TCK) و یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (TMK) و رێکخستنەوەی جیدی لە یاسای جێبەجێکردنی سزادا وەک پێشنیاز لەم راپۆرتەدا جێی هەبێت. هەروەها، بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا و دادگەی دەستووریی تورکیا جێبەجێ بکرێن. بەپێی بڕیارەکانی دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، سەڵاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و هەموو گیراوانی دۆزی کۆبانێ ئازاد بکرێن. هەروەها بڕیاری دادگەی دەستووری سەبارەت بە جان ئاتاڵای (پەرلەمانتاری پارتی کرێکارانی تورکیا) جێبەجێ بکرێت." 
 
هاتیمئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا باس لە پرۆسەکە دەکرێت، هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانرێت و گوتی: "لەلایەکەوە لە تورکیا باس لە پرۆسەی ئاشتی و پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دەکرێت، بەڵام لەلایەکی دیکەوە هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانرێت."
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: "لە کارە مەیدانییەکانماندا زۆر گوێمان لەوە دەبێت کە خەڵک و گەلی کورد بە روونی دەڵێن: 'ئێمە هێشتا هیچ هەنگاوێکی کردەییمان لەم دەسەڵاتەوە نەبینیوە. چۆن باوەڕ بەم پرۆسەیە بکەین و چۆن متمانەی پێبکەین؟ تاوەکو هەنگاوێکی کردەیی نەبینین، باوەڕ و متمانەمان بەم پرۆسەیە کەموکورتی تێدا دەبێت. ئێمە باوەڕمان بە پارتەکەمان هەیە. باوەڕمان بە بەڕێز ئۆجەلان هەیە کە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن، بەڵام لە ئەنجامدا هیچ هەنگاوێکی کردەیی نانرێت.' هەموو ئەم رەخنانە رەخنەی رەوا و دروستن. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئاشتی لەسەر سینییەکی زێڕین پێشکێشمان ناکرێت. پێویستە بۆ ئاشتی زیاتر خۆمان رێکبخەین و دەنگی ئاشتی بەرزتر و گەشتر بکەین."