هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران نرخی سووتەمەنییان لە تورکیا بەرزکردەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە بۆ سەر یەکدی لە باکووری کوردستان و تورکیاش دەبیندرێ. نرخی لیترێک بەنزین یەک لیرە و 49 قوروش بەرزبووەوە.
شەوی رابردوو، یەک لیتر بەنزین لیرەیەک و 49 قوروش (50 دیناری عێراقی) چووە سەر نرخەکەی. هەر لیترێک گازوایلیش یەک لیرە و 46 قوروش (47 دیناری عێراقی) چووە سەر.
بەمەش نرخی هەر لیترێک بەنزین لە 48.39 لیرە (نزیکەی هەزار و 640 دینار) گەیشتە 49.41 لیرە (نزیکەی هەزار و 645 دیناری عێراقی) و نرخی هەر لیترێک گازوایل لە 47.64 لیرە (نزیکەی هەزار و 585 دیناری عێراقی) بۆ 48.97 لیرە (نزیکەی هەزار و 622 دیناری عێراقی) و نرخی هەر لیترێک گازی شل LPG لە 24.49 لیرە (نزیکەی 815 دیناری عێراقی) گەیشتە 24.99 لیرە (نزیکەی 832 دیناری عێراقی).
بڕیارەکە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025 کەوتە واری جێبەجێکردنەوە.
دوایینجار، رۆژی 14ـی ئایاری 2025 نرخی بەنزین و گازوایل و گازی شلی ئۆتۆمبێلەکان 1.15-1.22 لیرە (نزیکەی 38-42 دیناری عێراقی) بەرزبووەوە. بەوەش لەماوەی مانگێکدا نرخی سووتەمەنییەکان بە رێژەی 6.34٪ بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رۆژانە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا تێکڕا 14 ملیۆن لیتر بەنزین و 56 ملیۆن لیتر گازوایل بەکاردەهێندرێت.