ئاگر لە دارستانێکی تورکیا کەوتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی ئورلای سەر بە پارێزگای ئیزمیر لە باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکانی تورکیا بڵاویکردەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 14ـی تەممووزی 2023، کاژێر 14:16 خولەک ئاگرەکە کەوتەوە؛ بۆ کوژاندنەوەیشی دوو فڕۆکە، شەش هێلیکۆپتەر، 15 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 3 شۆڤڵ و 198 کارمەند رەوانەی شوێنەکە کراون.
ساڵانە دەیان ئاگر لە دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکەونەوە. ساڵی رابردوو 203 ئاگر لە دارستانەکانی 31 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە و بەو هۆیەوە 10 هەزار و 446 هێکتار زەوی سووتا. بەهۆی کەوتنەوەی ئەو ئاگرانەوە 149 کەس برینداربوون و سێ کەسی دیکەش گیانیان لەدەستدا.
لە ساڵی 2021یشدا 299 ئاگر لە دارستانی 53 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا کەوتنەوە و لە ئەنجامدا 178 هەزار هێکتار زەوی سووتا؛ هەشت کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 510 کەسی دیکە برینداربوون.