شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی گەڕێکی نوێی سەردانەکانی دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی، گەڕێکی دیکەی سەردانی لایەنە سیاسییەکان ئەنجام دەدات. وێستگەی یەکەمی سەردانەکەیان لە رۆژێکدا ئەحمەد داودئۆغڵو و دەوڵەت باخچەلی دەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 14ی تەممووزی 2025 ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی دەم پارتی بڵاویکردەوە، دوای رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، شاندی ئیمراڵیی پارتەکەی کە لە پەروین بوڵدان، میدحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پێکدێت، گەڕێکی دیکەی سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا ئەنجام دەدەن.
وێستگەی یەکەمی سەردانی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رۆژی 16ی تەممووز بۆلای ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە دەبێت. شاندەکە کاژێر 12:00 سەردانی بارەگای سەرەکیی پارتی ئاییندە دەکات لە ئەنقەرە و لەگەڵ داودئۆغڵو کۆدەبێتەوە.
هەمان رۆژ کاژێر 14:00 شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆدەبێتەوە. کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
شاندەکە کاژێر 13:00ی رۆژی 17ی تەممووز سەردانی ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە دەکات. کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی جەهەپە لە ئەنقەرە دەبێت.
دوای تەواوکردنی ئەو سێ سەردانە، شاندەکە بەرنامەی داهاتووی سەردانەکانی بۆ لایەنە سیاسییەکان بڵاودەکاتەوە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەممووزی 2025، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.