سەرۆکی پارتی سەعادەت لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: دەبێت لە پەرلەمانەوە بەڕێوەببرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەعادەتی تورکیا دەڵێت، دەبێت پڕۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی وڵاتەوە بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەببرێت.
مەحموود ئاریکان، سەرۆکی پارتی سەعادەت لە 10یەمین کۆنگرەی ئاسایی لقی رێکخستنەکانی ترابزۆنی پارتەکەی گوتارێکی پێشکێش کرد.
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری، ئاریکان پێشنیازی کرد پڕۆسەکە لە پەرلەمانەوە و بە شەفافی بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی پارتی سەعادەت ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆربەی ئەو 592 پەرلەمانتارەی نێو پەرلەمان، ئاگاداری ئەوە نین چی روودەدات و لە کۆبوونەوە نهێنییەکاندا چ بڕیارێک دەدرێت. ئەمە پەرلەمانتارانی ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتیش دەگرێتەوە."
ئاریکان لەبارەی قسەکانی دوێنێی رەجەب تەیب ئەردۆغان قسەی کرد کە گوتی، ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی رژدن لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری و رایگەیاند، "دوێنێ زانیمان هاوپەیمانیی جمهوور لە ئاکپارتی، مەهەپە و دەم پارتی پێکدێت."
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەممووزی 2025، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی، چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.