پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێک بۆ پرۆسەی چارەسەری پێکدەهێنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە ئەم هەفتەیە پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پێکبهێنێت کە دەسەڵات ناوی ناوە تورکیایەکی بێ تیرۆر. سەرۆکی پەرلەمان بە نووسراوی فەرمی داوا لە فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دەکات ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە دیاری بکەن. 
 
بەپێی زانیارییەکانی میدیای فەرمیی تورکیا، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، رۆژی 16ی تەممووز بە نووسراوێک داوا لە پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان دەکات ئەندامەکانیان بۆ کۆمیسیۆنەکە دیاری بکەن کە لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، پێکدەهێنرێت.
 
کۆمیسیۆنەکە بە یاسا دانامەزرێت، بەڵکو بە بڕیاری سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێکدەهێنرێت و چوارچێوەی کارکردنیشی هەر لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت.
 
پێشبینی دەکرێت لیژنەکە لە 35 ئەندام پێکبێت. ئەو پارتە سیاسییانەی خاوەن فراکسیۆنن لە پەرلەمان بە پێنج پەرلەمانتار بەشداری دەکەن. پارتەکانی دیکەی ناو پەرلەمان کە فراکسیۆنیان نییە تەنیا بە نوێنەرێک بەشداری کۆمسیۆنەکە دەبن. پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش لە رێگەی تیروپشکەوە پێنج نوێنەریان دەبێت.
 
ئەرکی کۆمیسیۆنەکە کارکردن دەبێت بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی تایبەت بە گونجاندنەوەی ئەو ئەندامانەی پەکەکە لەنێو کۆمەڵگە کە چوونەتە نێو پڕۆسەی چەکدانانەوە. هەروەها دروستکردنی میکانیزمی تێکەڵکردنەوە و خۆگونجاندنی کۆمەڵایەتی، یاسایی و راهێنان بۆ ئەو کەسانە. 
 
جەهەپە، دەم پارتی و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای لیژنەیەکی پسپۆڕی هەمیشەیی دەکەن کە بە یاسا دابمەزرێت، نەک پێکهاتەیەک کە ئەرکەکانی تەنیا تەکنیکی بن.
 
لە بەرامبەردا، هاوپەیمانیی جمهور (ئاکپارتی و مەهەپە) پێیانوایە دەبێت لیژنەکە وەک پێکهاتەیەک بمێنێتەوە کە تەنیا پێشنیاز پێشکێش بکات.
 
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت دەم پارتی، رەخنە لە ناوی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەگرن و ناوی "ئاشتی و دیموکراسی"یان پێشنیاز کردبوو. باس لەوەش دەکرێت کە بەرەی دەسەڵات دژی بەکارهێنانی وشەی "ئاشتی" بووە لە ناوی کۆمسیۆنەکەدا بە بیانووی ئەوەی "لە دۆخی شەڕدا نین."
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ـی تەممووزی 2025، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە. 
 
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.