وەزیری بەرگریی تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: ئامانجمانە لە ماوەیەکی نزیکدا سەربگرێت

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی تورکیا دەڵێت، ئامانجیان ئەوەیە پرۆسەی چارەسەری لە ماوەیەکی نزیکدا سەربگرێت.
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی دووشەممە، 14ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە باڵەخانەی وەزارەتەکەی رایگەیاند، دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی وڵاتەکەی لە نزیکەوە و ''بەوریاییەوە'' چاودێری پرۆسەی چارەسەری دەکەن.
 
گولەر جەختی لەوە کردەوە، رێگە نادەن هیچ لایەنێک بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات؛ گوتیشی، ئامانجیانە لە ماوەیەکی نزیکدا پرۆسەکە سەربگرێت و یەکێتی و برایەتیی گەلەکەیان پتەوتر بێت.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا، هەوڵەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە "بەرز" نرخاند؛ گوتیشی، رۆڵیان لە بەرقەرارکردنی ئاسایشی وڵاتەکەی دەبێت.
 
گولەر رایگەیاند، ئەو قۆناخەی ئێستای پرۆسەی کە پێی گەیشتوون، لە سایەی ئەو سەربازانەی وڵاتەکەی بووە کە لە شەڕی چەند دەیەی پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە، هەینیی رابردوو لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، 30 گەریلای پەکەکە چەکەکانیان دانا، کە بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە، یەکێک بوو لەوان.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.