وەزارەتی بەرگریی تورکیا: بەرگری لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "هەر لە سەرەتاوە بەرگریی لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین و درێژە بەمەش دەدەین. لەم چوارچێوەیەشدا بە یاداشتنامەی لێکگەیشتنی راهێنانی هاوبەش و راوێژکاری کە دوێنێ واژۆکرا، هەنگاوێکی دیکە ئەم خواستەمان بردە پێش".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئابی 2025، ناوەندی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بە نوسراو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دوایین دۆخی سووریا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "لە 10ی ئاداری 2025ـەوە تاوەکو ئێستا کە یاداشتنامەی نێوان حکوومەتی سووریا و رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە واژۆ کراوە، رێکخراوی تیرۆریستی هەسەدە هیچ مەرجێکی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە. بەردەوام بووە لە هەوڵدان بۆ تێکدانی یەکێتیی سیاسیی و یەکپارچەیی خاکی سووریا."
هەروەها هاتووە: "گوتارە جوداخوازییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی هەسەدە لە کۆنفرانسەکەی 8ـی ئاب لە حەسەکە، لەگەڵ ئەو یاداشتنامەیەی لەگەڵ حکوومەتی سووریا واژۆی کردووە یەکناگرێتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی سووریا هەوڵ دەدات هەموو جیاوازییە رەگەزی، ئایینی و مەزهەبییەکان لەنێو سنوورەکانی وڵاتدا نەهێڵێت و تێگەیشتنێکی گشتگیر و یەکخستنەوە دەنوێنێت، بەڵام رەفتارە هاندەر و جوداخوازییەکەی رێکخراوی تیرۆریستیی هەسەدە پرۆسەکە تووشی شکست دەکات."
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بانگەوازەکانی حکومەتی سووریا بۆ 'یەک دەوڵەت و یەک سوپا' زۆر پێویستە بۆ ئەو ئارامیی و سەقامگیرییەی ساڵانێکی زۆرە لە ناوچەکەدا چاوەڕوانی دەکرێت. چاوەڕوانیمان تەواو پابەندبوونە بەو یاداشتنامەیەی واژۆکراوە و هەرچی زووە بە کردەیی بنیاتنانی سووریایەکی سەقامگیر، ئارام و بێ تیرۆر".
سەبارەت بە ناوەڕۆکی یاداشتنامەی لێکگەیشتنی راهێنانی هاوبەش و راوێژکاری کە رۆژی 13ـی ئاب لەلایەن یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و مورهەف ئەبو قەسرە، هاوتا سورییەکەی واژۆ کرا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە پێداگریی بۆ پشتیوانیکردنی سووریا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەرزکردنەوەی تواناکانی وڵاتەکە لە رووی بەرگری و ئاسایش بەردەوامە.
ناوەندی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتیی بەرگریی تورکیا رایگەیاند: "هەر لە سەرەتاوە بەرگریی لە یەکێتیی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکەین و درێژە بەمەش دەدەین. لەم چوارچێوەیەشدا بە یاداشتنامەی لێکگەیشتنی راهێنانی هاوبەش و راوێژکاری کە دوێنێ واژۆ کرا، هەنگاوێکی دیکە ئەم خواستەمان بردەپێش".