ئەردۆغان: کەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بونیاتی سەدەی نوێی تورکیا دروستبکات

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا، لە رێوڕەسمی تیروپشکی 108ـەمین خولی قایمقامەکان، کە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار بەڕێوەچوو، رایگەیاند "کەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بونیاتی سەدەی نوێی تورکیا دروست بکات". 
 
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "ئەرکی هەر یەکێکمان خزمەتکردنە بە تەواوی 85 ملیۆن هاووڵاتیی وڵاتەکەمان. گەیاندنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی، چارەسەرکردنی کێشەکانیان، هاوکاربوون لە گەشەپێدان و پەرەپێدانی شارەکانمان ئەرکێکی زۆر گەورەیە".
 
لە رێوڕەسمەکەدا 99 کەس کە 12یان خانمن، 108ـەمین خولی قایمقامییان تەواوکرد و بە ئامادەبوونی ئەردۆغان، تیروپشکی دامەزراندنیان بۆ کرا.  
 
ئەردۆغان گوتیشی: ''قایمقام کاتی دەوامی بۆ نییە. شەو و رۆژ، پشوو و رۆژانی کۆتایی هەفتەی نییە بۆ کارکردن. کەسێک کە بەیانی کاژێر نۆ دەست بەکار بکات و ئێوارە لە دەوروبەری کاژێر 5-6دا دەست لە کار هەڵگرێت، ناتوانێت ببێتە بەڕێوەبەر''. 
 
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرێوەبەرایەتیی کارگێڕی پیشەیەک نییە لە نێوان کاتەکانی دەوامدا بکرێت و لە نێوان دیوارەکانی زیندانی بکرێت و گوتی: ''چاوەڕوانیم لە ئێوە لەو قەزایانەی نوێنەرایەتی ئێمە دەکەن رۆژانە 24 کاژێر، حەوت رۆژی هەفتە، 365 رۆژی ساڵ کار بکەن و بە گەرموگوڕی بە دەم کارەکانەوە بچن''.
 
لە درێژەی گوتارەکەیدا، سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە کەس ناتوانێت ئاستەنگ بۆ بونیاتی سەدەی تورکیا دروست بکات و گوتی: ''بەڵام پێدەچێت ئەم پێداگرییەی وڵاتەکەمان خەوی لە کەسانێک زڕاندبێت".
 
سەبارەت بە گوتەکانی سەزگین تانریکوڵو پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە لە بازنەی ئامەدی باکووری کوردستان، کە گوتبووی، "سوپای تورکیا لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا تۆمەتبارکراوە بەوەی لە پارێزگای ئامەد 15 هاووڵاتی لە هێلیکۆپتەر فڕێداوەتە خوارەوە." ئەردۆغان رایگەیاند: ''بەناو پەرلەمانتارە، بەڵام ئەو زڕ تیرۆریستە چۆن سووکایەتی بە سەربازەکانمان دەکات. وەک دەوڵەت و دادگا ئەرکی سەرشانمانە پەندێکی پێویستی پێبدەین''.
 
راشیگەیاند: "هەوڵی سێ چوار دەستبڕ کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان رێکدەخەن و دەیانەوێت بە نانەوەی ئاژاوە لەناو گەلەکەمدا ئاگر لە وڵات بەربدەن، پیلانەکانیان بەسەر خۆیاندا دەڕووخێنین".
 
سەبارەت بە کێشەی کۆچبەری نایاسایی، ئەردۆغان رایگەیاند: "بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانمان و چڕکردنەوەی خاڵەکانی پشکنین لە ناوخۆی وڵاتدا، کێشەکانی پەیوەست بە کۆچی نایاسایی چارەسەر دەکەین".
 
گوتیشی: "هەڵوێستمان دیارە، نە رێگە بە کۆچبەری قاچاخ دەدەین، نە رێگە بە بازرگانانی ناکۆکی دەدەین."
 
لە تورکیا و باکووری کوردستاندا 973 قایمقام هەن، 957یان پیاو و 16یان ژنن. ساڵانە خولی قایمقامێتی شەش مانگیان بۆ دەکرێتەوە و باشترینەکان بەپێی پێوەرێکی دیاریکراو هەڵدەبژێردرێن و بە تیروپشک دادەمەزرێن.