وەزیری تەندروستیی تورکیا: پار 412 پزیشک وڵاتیان جێهێشتووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی تورکیا دەڵێ، پار 412 پزیشك چوونەتە دەرەوەی وڵات و 249 پزیشکیش گەڕاونەتەوە.
 
کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا لە گوتەیەکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند، ژمارەی کارمەندانی تەندروستی لە ماوەی دەسەڵاتی ئاکپارتی واتە لە ساڵی 2002ەوە 5 بەرامبەر بوون و گەیشتوونەتە 1.5 ملیۆن کەس.
 
وەزیری تەندروستیی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی پزیشکان لەو ماوەیەدا لە 92 هەزارەوە بۆ 234 هەزار بەرزبووەتەوە و ژمارەی پەرستارانیش لە 113 هەزارەوە بۆ 334 هەزار زیادیکردووە و گوتی: "سیستمی تەندروستی بە هێزی مرۆیی راهێنراو و شارەزا، بۆ داهاتوو ئامادەیە." 
 
مەمیشئۆغڵو گوتی: "بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە کۆی 234 هەزار پزیشکمان، لە ساڵی 2025 تەنیا 412 پزیشک چوونەتە دەرەوەی وڵات. ژمارەی ئەو پزیشکانەی لە ساڵانی رابردوودا چوونەتە دەرەوە و گەڕاونەتەوە 249 کەس بووە و جارێکی دیکە لە سیستمی تەندروستیی ئێمەدا دەستیان بە کار کردووەتەوە."
 
وەزیری تەندروستیی تورکیا لەبارەی ژێرخانی تەندروستیی وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی، تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەهێزی تەندروستییە کە 943 نەخۆشخانە، 8 هەزار و 300 بنکەی تەندروستیی خێزانی، هەزار و 237 تاقیگە، 137 بنکەی تەندروستیی دەم و ددان، 592 بنکەی شوشتنی گورچیلە و 191 بنکەی تەندروستیی دەروونی لەخۆدەگرێ.
 
مەمیشئۆغڵو گوتیشی، لە 23 ساڵی رابردوودا 80٪ی نەخۆشخانەکانیان نۆژەنکردوونەتەوە یان دروستیان کردوونەتەوە.
 
باسی لەوەشکرد، ژمارەی قەرەوێڵە لە هەموو دامەزراوە تەندروستییەکان 270 هەزاری تێپەڕاندووە و لە بواری خزمەتگوزاریی تەندروستیی بەپەلەشدا بە 6 هەزار و 308 ئەمبوڵانس و 3 هەزار و 574 وێستگەی فریاکەوتن، خزمەتگوزاریی خێرا و کاریگەر پێشکێش دەکەن؛ هەروەها تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ 857 ئەمبوڵانسی نوێ دەخەنە کار و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026ش ئەمبوڵانسی هێلیکۆپتەریی دەخەنە خزمەت.