19 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی ئۆجەلان تێدەپەڕێت

رووداو - هەولێر

ئەمڕۆ 19 ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە تێدەپەڕێت، کە لە رۆژی 15ـی شوباتی ساڵی 1999 بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی چەند وڵاتێک دەستگیرکرا.

ئۆجەلان دوای داوای جێهێشتنی سووریا لەسەر داوای حکومەتی ئەو وڵاتە، روویکردە رووسیا، دواتر ئەوروپا، هیچ وڵاتێک ئامادەی داڵدەدانی نەبوو، دواجار لە نایرۆبیی کینیا دەستگیرکرا.

ئۆجەلان سەرەتا سزای لەسێدارەدانی لەلایەن دادگای تاوانەکانی تورکیاوە بۆ دەرکرا، بەڵام بەهۆی کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ترسی تێکچوونی بارودۆخی نیوخۆی تورکیا، سزاکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.

دوای مانەوەی 19 ساڵ لە سووریا، لە ساڵی 1998 حکومەتی سووریا بەهۆی گوشارەکانی سەری لەلایەن تورکیاوە، داوای لە ئۆجەلان کرد ئەو وڵاتە جێبهێڵێت، ئەوەش بەهۆی پەرەسەندنی هێرشەکانی گەریلاکان بۆ سەر سوپای تورکیا و زیادبوونی چالاکی سیاسی پەکەکە لەنێوخۆی تورکیادا. 

ئۆجەلان لە سووریا کەمپی مەشق و راهێنانی بۆ ئەندامانی پارتەکەی کردبووەوە و تێیدا رۆژانە وانەی سیاسی، سەربازی و فیکری دەگوترانەوە، دواتر دەنێردرانەوە بۆ باکووری کوردستان.

سووریا سەرەڕای ناکۆکییەکانی لەگەڵ تورکیا لەو کاتەدا، بەڵام تاوەکو دەهات گوشارەکانی سەریشی زیاتر دەبوون، بۆیە داوای لە ئۆجەلان کرد ئەو وڵاتە جێبهڵێت. سەرەتا ئۆجەلان روویکردە رووسیا، دواتر چووە ئەوروپا بە مەبەستی مانەوەی لە یەکێک لەو وڵاتانە و درێژەدان بە کاروباری سیاسی، بەڵام بەهۆی گوشارەکانی تورکیا لەسەر وڵاتانی ئەوروپا، هیچ یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان ئامادەی داڵدەدانی ئۆجەلان نەبوون.

سەرەنجام لە شەوی 14 لەسەر 15ی شوباتی 1999 لەڕێگەی فڕۆکەیەکی یۆنانیەوە لە ئەسینای پایتەختی یۆنانەوە بەڕێدەکەوێت بۆ ئەفریقا، ئەمەش دوای رێککەوتنی ئۆجەلان و حکومەتی یۆنان بوو کە ماوەیەک لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە نایرۆبی بمێنێتەوە و دواتر داوای مافی پەنابەرێتی سیاسی لە کینیا یان وڵاتانی دیکەی ئەفریقا بکات.

ئەوەش لەکاتێکدا بوو کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت)، بەهاوکاری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمریکا، رۆژانە چاودێری جموجۆڵەکانی ئۆجەلان و هاوڕێکانیان دەکرد لە وڵاتانی ئەوروپا، دوای گەیشتنیشی بە نایرۆبی، تیمەکانی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل و تورکیا، توانیان گوێ لە گفتوگۆکانی نێوان ئۆجەلان و هاوڕێکانی بگرن. ئەو تیمە هەواڵگرییە پلانی دەستگیرکردنی ئۆجەلان لەنێو ئەو خانووە دادەڕێژن، دواتر دەستبەسەری دەکەن و رەوانەی تورکیای دەکەنەوە.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار