مێتا بەشێوەیەکی کاتی سرێدز لە تورکیا دادەخات


رووداو دیجیتاڵ 

کۆمپانیای مێتا رایدەگەیێنێت، لە 29ـی ئەم مانگەوە بەشێوەیەکی کاتی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سرێدز لە تورکیا دادەخات، ئەوەش بەهۆی بڕیارێکی کاتیی دەزگای کۆنترۆڵکردنی رکابەریی تورکیاوەیە. 
 
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی نیسان هەواڵەکەی راگەیاند، دەشڵێت: ئەو بڕیارە کاریگەریی لەسەر پلاتفۆڕمەکانی دیکە وەکو فەیسبووک، وەتسئەپ و ئینستاگرام نابێت. هەروەها کاریگەریی لەسەر سرێدز لە وڵاتانی دیکە نابێت. 
 
کۆمپانیای مێتا لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی سرێدزی راگەیاند بۆ رکابەرایەتیی تویتەری پێشوو کە ئێستا ئێکسە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە سەرکەوتوو بێت لەو رکابەرایەتییە. 
 
هەموو ئەوانەی لە تورکیا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکە بەکاردەهێنن، لە پێش 29ـی مانگ ئاگادار دەکرێنەوە. بەکارهێنەران دەتوانن هەژمارەکانیان ناچالاک بکەن، بەڵام نەیسڕنەوە. دەشتوانن بەتەواوی بیسڕنەوە. 
 
بڕیارەکەی ئەو دەستەیەی تورکیا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە نیگەرانن لە گواستنەوەی داتا و زانیارییەکان لەنێوان سرێدز و ئینستاگرام. مێتاش دەڵێت، هاوڕای ئەو دەستەیە نین و داوای پێداچوونەوە تۆمار دەکەن.