ئەردۆغان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی: گەشبین و ئومێدەوارین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد کە دەوڵەت بە پرۆسەی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و کوردیش بە "پرۆسەی ئاشتی" ناوی دەبات، رایگەیاند، "وریاین، رێوشوێن دەگرینەبەر، ئارامگرین، گەشبین و ئومێدەواریشین."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی ئایاری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی ئاکپارتی، بەشداری کرد لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی بەرپرسی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەی لە سەرجەم پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان، کە بە کۆبوونەوەی پرس و راوێژکاری ناودەبرێت و گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد.
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
لەبارەی پرۆسەی ئاشتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "لە چەند رۆژی رابردوودا رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و چەکەکانی دادەنێت. لە پێناو ئەوەی گەلەکەمان لەم بەڵایە رزگاری دەبێت کە 40 ساڵە پێوەی دەناڵێنێت و ناوچەکەمان بە ئارامی هەمیشەیی دەگات، بە ئەرێنی پێشوازیمان لێکرد."
سەبارەت بە میکانیزمی چەکدانان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "میت و هێزە ئەمنییە تایبەتەکانمان بە وریاییەوە چاودێری پرۆسەی چەک دانان و هەڵوەشاندنەوە دەکەن. هەڵوێستی کۆماری تورکیا زۆر روون و ئاشکرایە. بە سانایی لەوانە نزیک دەبینەوە کە بە تەواوی واز لە تیرۆر، تووندوتیژی و چەک دەهێنن. بەڵام هەر کەسێک پێداگری لە هەڵەکانی بکات، لە بەرەنگاربوونەوەدا پاشگەز نابینەوە و رووبەڕوویان دەبینەوە."
هەر لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە، ئەردۆغان رایگەیاند: "بە هەستی بەرپرسیارێتی فەرمانڕەواییکردنی 85 ملیۆن کەس رەفتار دەکەین. هەزار جار بیر دەکەینەوە و جارێک بڕیار دەدەین. لەگەڵ سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هاوڕێیەکانمان بەوپەڕی هەستیاری و دیسپلینەوە بەبێ ئەوەی بۆشاییەک جێبهێڵێن، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ سەرجەم بابەتەکان دەکەین."
ئەردۆغان باسی پەیوەندییەکانی ئاکپارتی و مەهەپەی کرد و گوتی: "هاوئاهەنگییەکانمان لەگەڵ مەهەپە-ی هاوبەشی سەرەکیمان لە هاوپەیمانی جمهوور بەردەوامە و لە هەموو بابەتێکدا پرس بە یەکدی دەکەین. وریاین، رێوشوێن دەگرینەبەر، ئارامگرین، هاوکات گەشبین و ئومێدەوارین."
هاوکات، جەختی لەوە کردەوە، پێداگرین لەوەی گەلەکەمان بە تەواوی لە گێژەلۆکەی تیرۆر رزگار بکەین کە 40 ساڵە دەیان هەزار کەسی کردووەتە قوربانی و سەرچاوەی ترلیۆنان دۆلاری لەناوبردووە. کەس نیگەران و گومانی نەبێت، دەوڵەتی کۆماری تورکیا باڵادەستە بەسەر رۆژەڤدا. ئاکپارتی و مەهەپە درک بە پرسەکە دەکەن و هۆشیارن و دەزانن چ دەکەن و چ جۆرە هەنگاوێک دەنێن."
پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1978 لە باکووری کوردستان دامەزراوە، ساڵی 1982 لە کۆنگرەی دووەم دا بڕیاری چەکهەڵگرتنی دژی دەوڵەتی تورکیا پەسند کرد، لە 18ـی ئابی 1984 یەکەم تەقەی لە دژی تورکیا کرد.
ئەردۆغان گوتی: "هیچ کات نە لە عێراق نە لە سووریا و سنوورەکانیشماندا چاوپۆشیمان لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان نەکردووە و لەمەودواش چاوپۆشی ناکەین. پێویستە هەموو کەس لەوە تێبگات وادەی بەکارهێنانی تیرۆر لە ناوچەکەماندا بەسەرچوو، کۆتایی پێهات."
سەرۆککۆماری تورکیا هاوکات، باسی لەوە کرد، "سەردەمی پشت بەستن بە ئەجێندا و ئەکتەری بیانیی گوزەشت، کۆتایی پێهات. جیهان لە گۆڕانکاریدایە، سیستمی کۆن خەریکە دەڕووخێت، لە جوگرافیەکەشماندا هاوکێشەیەکی نوێ دادەمەزرێت کە تورکیا لە چەقەکەیدایە. دوای ئەوەی پرسی تیرۆر بە تەواوی بووە رابردوو، تورکیا دەبێتە تورکیایەکی تەواو جیاواز."