گرووپی 'داڵتۆنەکان' هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکەن؛ 'هیچ بازرگانێکی عێراقی لە تورکیا پارێزراو نابێت'
رووداو دیجیتاڵ
گرووپێکی تاوانکاریی مەترسیداری تورکیا بەناوی "داڵتۆنەکان" هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لەعێراق دەکەن و دەڵێن تەنیا بە هێرشکردنە سەر کۆنسووڵخانەی عێراق لە ئیستەنبووڵ ناوەستن، لەمەودوا بازرگانانی عێراقیش لە تورکیا دەکەنە ئامانج.
ئەم هەڕەشەیەی گرووپەکە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانیان بەناوی ئەحمەد مستەفا تیمۆ (ناسراو بە تیمۆجان) لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ تورکیا.
ئەحمەد مستەفا تیمۆجانی تەمەن 23 ساڵ، کە یەکێکە لە سەرکردەکانی گرووپەکە، دوای هەڵاتنی بۆ جۆرجیا و پاشان عێراق، لەوێ دەستگیرکرا. بەپێی زانیارییەکانی ناو سکاڵانامەیەکی دادگای ئیستەنبووڵ، تیمۆجان لە 20ی ئاداری 2025 لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) و لایەنە عێراقییەکاندا، لە سنووری شرناخ رادەستی تورکیا کراوەتەوە.
تەنیا یەک رۆژ دوای رادەستکردنەوەی تیمۆجان، دوو چەکداری گرووپەکە بە ماتۆڕسکیلێکەوە هێرشیان کردە سەر کۆنسوڵخانەی عێراق لە گەڕەکی ئەسەنتەپەی ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبووڵ و شەش فیشەکیان بە بیناکەوە ناوە. یەکێک لە هێرشبەرەکان تەقەی کردووە و ئەوەی دیکەیان بە مۆبایل ڤیدیۆی ساتی هێرشەکەی گرتووە بۆ بڵاوکردنەوە لە سۆشیاڵ میدیا.
پۆلیسی تورکیا هەردوو هێرشبەرەکەی بەناوەکانی عومەر چەلیک و سەرهەد فالح دەستگیرکرد، پاشانیش 12 ئەندامی دیکەی گرووپەکەیان لە ئوتێلێک لە ناوچەی شیشلی قۆڵبەست کرد. تەواوی ئەم زانیارییانە لە دۆسیەیەکی 800 لاپەڕەیی دادگای باڵای تاوان لە ئیستەنبووڵ تۆمارکراون.
ئەندامانی هەڵاتووی گرووپەکە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە حکومەتی عێراق تۆمەتبار دەکەن بەوەی لە بەرامبەر بڕێک پارەدا هاوڕێکەیانی رادەستی هەواڵگریی تورکیا کردووە.
مستەفا ئەکتورک، ئەندامی گرووپەکە نووسیویەتی: "ئەمە بێوەڵام نامێنێتەوە. هیچ دیپلۆماتکار و بازرگانێکی عێراقی لە تورکیا ناتوانێت بە ئارامی بسووڕێتەوە." هەروەها محەممەد عەلی چنار، سەرکردەیەکی دیکەی هەڵاتووی گرووپەکە، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "با حکومەتی عێراق بزانێت لەمەودوا کەس ناتوانێت ئەم ئاگرە بکوژێنێتەوە."
گرووپی "داڵتۆنەکان" کێن؟
"داڵتۆنەکان" یەکێکە لە مەترسیدارترین و نوێترین رێکخراوە تاوانکارییەکانی تورکیا. ناوەکەیان لە زنجیرە کارتۆنی "رێد کیت" وەرگرتووە و بەراتجان گۆکدەمیر (ناسراو بە جان داڵتۆن) سەرکردایەتییان دەکات.
ئەم گرووپە بەوە ناسراون کە سۆشیاڵ میدیای وەک "تیکتۆک و ئینستاگرام" بەکاردەهێنن بۆ پڕوپاگەندە و راکێشانی گەنجانی تەمەن 15 بۆ 20 ساڵ بۆ ناو داوی تاوان و بەکارهێنانیان وەک بکوژی بەکرێگیراو.
چالاکییەکانی ئەم گرووپە تەنیا لە تورکیا سنووردار نییە؛ ئەوان لە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر و وەرگرتنی سەرانە لە بازرگانان تێوەگلاون و لە شارە گەورەکانی ئەوروپای وەک (بەرلین، پاریس و ئەتینا) لە شەڕێکی خوێناویدان لەگەڵ گرووپە تاوانکارییەکانی دیکەی وەک "ئانوجورەکان" و "کاسپەرەکان".