پەرلەمانی تورکیا 75 رۆژ پشوو دەدات


رووداو دیجیتاڵ 

نیوەشەوی رابردوو، 14ی تەممووزی 2023، پەرلەمانی تورکیا دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی یاسادانانی خۆی کرد و بودجەی تەواوکاریی حکومەتی پەسندکرد، دوای ئەو کۆبوونەوەیە بە فەرمی چووە پشووی یاسادانانەوە. 
 
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی (یەسەپە) بەڕێوەچوو، دواتر بە پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پشووە فەرمییەکەی پەرلەمانی تورکیا تاوەکو 1ـی کانوونی یەکەمی 2023 راگەیێندرا. بەمەش پەرلەمانتاران بۆ ماوەی 75 رۆژ پشوو دەدەن.
 
بۆ زیادکردنی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی تورکیا و پڕکردنەوەی رێژەی کورتهێنانی بودجەی گشتی، پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکاری، رۆژی 7ـی تەممووزی 2023، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا. 
 
پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکاری بڕی پارەکەی یەک ترلیۆن و 119 ملیار و 514 ملیۆن و 513 هەزار لیرە (42 ملیار و 958 ملیۆن و 784 هەزار دۆلار) بوو. 482 ملیار و 200 ملیۆن لیرە (18 ملیار و 503 ملیۆن و 312 هەزار دۆلار) بۆ دەزگای ئافاد، 280 ملیار لیرە (10 ملیار و 744 ملیۆن و 353 هەزار دۆلار) بۆ وەزارەتی گەنجینە و دارایی تورکیا و ئەوەی دیکەش ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانە.
 
رۆژی 16ـی کانوونی یەکەمی 2022، بودجەی گشتیی ساڵی دارایی 2023ـی تورکیا بە 325 دەنگی بەڵێ و 201 دەنگی نەخێر، لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا کە قەبارەکەی چوار ترلیۆن و 470 ملیار لیرەی تورکی (239 ملیار و 815 ملیار دۆلار) بوو.  
 
رۆژی 5ـی تەممووزی 2023، کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە و پڕۆژەیاسای زیادکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی تاوتوێکرد و لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی تەواوکار ئامادەی کرد بۆ ئەوەی پێشکێشی پەرلەمان بکرێت.