نرخی سووتەمەنی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 15ی ئابی 2023، جارێکی دیکە نرخی سووتەمەنی لە باکووری کوردستان و تورکیا بەرزبووەوە.
بەگوێرەی نوێترین بڕیار کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دراوە و ئەمڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، نرخی سووتەمەنی وەک بەنزین و گازوایل لەنێوان 1.30-1.55 لیرە (نزیکەی 75 دیناری عێراقی) خرایە سەر و بەوەش نرخی هەر لیترێک بەنزین گەیشتە 37.43 لیرە (نزیکەی 1815 دیناری عێراقی) و نرخی هەر لیترێک گازوایل بۆ 36.88 لیرە (نزیکەی 1792 دیناری عێراقی).
دوایینجار، رۆژی 3ی ئابی ئەمساڵ، نرخی بەنزین و گازوایل و گازی شلی ئۆتۆمبێلەکان نزیکەی 1.23-1.40 لیرە (نزیکەی 72 دیناری عێراقی) بەرزبووەوە و لە مانگی تەممووزیشدا دوو جار نرخ بەرزکرایەوە.
بەمەش لە ماوەی دوو مانگدا، نرخی بەنزین و گازوایل و گازی شلی ئۆتۆمبێلەکان بەرێژەی 83٪ بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ناڕەزایەتی زۆری خەڵک و سەندیکا پیشەییەکان و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی لێکەوتوەتەوە و هاوکات بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی گواستنەوەی گشتیی پاسەکانی ناوخۆ و تەکسییەکانیش.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، رۆژانە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا بە تێکڕا 14 ملیۆن لیتر بەنزین و 56 ملیۆن لیتر گازوایل بەکاردەهێندرێت.