بڵاونەکردنەوەی گوتاری هەینی بە زمانی کوردی لەلایەن ئەوقافی تورکیاوە ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینیی تورکیا (دیانەت) لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا گوتاری رۆژانی هەینی بە 8 زمان بڵاودەکاتەوە، بەڵام زمانی کوردی لەنێو ئەو زمانانەدا نییە، ئەوەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بووەتە جێگەی رەخنە و ناڕەزایەتی.
بەگوێرەی ماڵپەڕی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خزمەتگوزارییە ئایینییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی (دیانەت)، گوتارەکان بە زمانەکانی تورکی، عەرەبی، ئینگلیزی، رووسی، ئەڵمانی، ئیسپانی، فەرەنسی و ئیتاڵی بەردەستن.
بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی سەرنج و رەخنە، نەبوونی زمانی کوردییە لەنێو ئەو زمانانەدا، ئەوەش لە کاتێکدایە دەیان ملیۆن کورد لە باکووری کوردستان و تورکیادا دەژین.
د. وەیسی چەری، پزیشکی پسپۆڕی دەروونی کە هاونیشتمانییەکی باکووری کوردستانە، لە کاردانەوەیەکدا نووسیویەتی، "گوتاری هەینی بە 8 زمان، لەنێویاندا رووسی، ئەڵمانی و تەنانەت فەرەنسیش هەیە، بەڵام کوردی نییە. دواتریش هەندێک کەس تووشی هیستریا دەبن و دەڵێن 'کورد چی دەوێت، بۆچی هەست بە خۆشەویستی بۆ وڵات ناکات؟'"