ئەردۆغان: ویژدانی مرۆڤایەتی لە غەززە تاقیدەکرێتەوە و چارەنووسی داهاتوومان دیاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا لە بابەتێکی بڵاوکراوەدا دەڵێت، "چارەنووسی غەززە، داهاتووی مرۆڤایەتی دیاری دەکات" و هۆشداری دەدات لەوەی، ئەو "کارەساتە مرۆییە"ی لەو ناوچەیەی فەلەستین روودەدات، تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، "تراژیدیای مرۆیی لە کەرتی غەززەدا نابێت تەنیا وەک ململانێیەک لە ناوچەیەکی جوگرافیای بچووکدا سەیر بکرێ، بەڵکو دەبێت وەک کارەساتێکی مرۆیی قووڵتر ببینرێت کە رۆژ بە رۆژ ویژدانی بەکۆمەڵی مرۆڤایەتی بریندار دەکات."
"سیاسەتێکی سیستماتیکیی لەنێوبردن"
سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکانی ئیسرائیلی بە "سیاسەتێکی سیستماتیکیی لەنێوبردن" ناوبردووە و ئاماژەی بەوەداوە کە چەندین مانگە ژن، منداڵ و بەساڵاچووان دەکرێنە ئامانج و شارەکان کراونەتە شوێنێکی نیشتەجێنەبوو. گوتیشی، "ماڵ، نەخۆشخانە، قوتابخانە و شوێنە ئاینییەکان وێران کراون. برسیەتی، تینوێتی و هەڕەشەی نەخۆشییە پەتاکان، غەززە بەرەو داڕمانێکی مرۆیی تەواو دەبەن."
بە گوتەی سەرۆککۆماری تورکیا، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 61 هەزار فەڵەستینی کە زۆرینەیان ژن و منداڵن، لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.
رەخنە لە "دووڕوویی" رۆژئاوا
ئەردۆغان رەخنەی تووندی لە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە و دەڵێت، "بێدەنگیی جیهان یان وەڵامە لاوازەکانی، تەنیا ئازارەکان قووڵتر دەکەنەوە و رێگە بۆ بەردەوامیی ستەم خۆش دەکات."
سەرۆکی تورکیا باسی لە "دووڕوویی" وڵاتانی رۆژئاوا کردووە و دەڵێت، "ئەگەر هەمان ئەو هەستیارییە خێرا و فراوانەی بەرامبەر قەیرانی ئۆکرانیا نیشاندرا، بەرامبەر بەو دڕندەییەی لە غەززە دەکرێت نیشان بدرایە، دیمەنەکە ئەمڕۆ بە تەواوی جیاواز دەبوو."
ئەردۆغان دەڵێت، توانای ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی کردەوەکانی بەبێ هیچ سزایەک، پرۆسەی پووکانەوەی یاسای نێودەوڵەتی و پێوەرەکانی مافی مرۆڤی خێراتر کردووە.
رۆڵی تورکیا و نەخشەڕێگەی چارەسەر
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە هەڵوێستی "پتەو و پرەنسیپی" وڵاتەکەی لە سەرەتاوە بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی کەرتی غەززە کرد و رایگەیاند، دامەزراوە مرۆییەکانی تورکیا وەک ئافاد و مانگی سوور، لە گەیاندنی هاوکاری و چارەسەرکردنی برینداران بەردەوامن.
ئەردۆغان باس لەوە دەکات نەخشەڕێگەیەکی روونی بۆ چارەسەر خستوەتەڕوو کە ئەم خاڵانە لەخۆدەگرێت:
- راگەیاندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و بێ مەرج.
- کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بۆ گەیاندنی هاوکاری بەبێ بەربەست.
- دامەزراندنی میکانیزمی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل.
- لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لە دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی و دادگەی دادی نێودەوڵەتی.
- دابینکردنی سەرچاوەی بەردەوام بۆ ئاژانسەکانی فریاگوزاری، بەتایبەت ئاژانسی ئۆنروای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
- ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەشێوەیەکی گشتگیر کە مافەکانی خوێندن، تەندروستی و گەشەپێدانی ئابووری لەخۆبگرێت.
لە کۆتاییدا، ئەردۆغان دەڵێت، "بناخەی ئاشتییەکی بەردەوام لە دانپێدانان بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەریی فەڵەستین دایە. چارەسەری دوو دەوڵەتی تاکە کلیلی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا."
سەرۆککۆماری تورکیا باس لەوە دەکات: "مێژوو شایەتی ئەوانەیە کە هەنگاو دەنێن و ئەوانەش کە پشتیان لەو دڕندەییە کردووە لە غەززە. غەززە کاتی بۆ لەدەستدان نییە. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێ لە دەنگی ویژدانی جیهانی بگرێت و بجووڵێ."