بەرپرسێکی دەم پارتی بە 13 جار زیندانیی تاهەتایی سزا درا

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پێشووی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پارێزگای ئیدری باکووری کوردستان، بە 13 جار زیندانیکردنی تاهەتایی سزادرا.
 
رۆژی هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، دادگەی سزا قورسەکانی ئیدر بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەی محەممەد سەلچوک، هاوسەرۆکی پێشووی لقی رێکخستنەکانی دەم پارتی لە پارێزگای ئیدر دەرکرد، کە پار لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەیەکدا لەلایەن داواکاری گشتیی کۆماریی ئیدرەوە دەستبەسەر و دواتر خرایە زیندانەوە.
 
سەلچوک لە زیندانی خارپێت بەندکراوە، لە دانیشتنی دادگەدا بە تۆمەتی کوژرانی 13 پۆلیس، 13 جار سزای زیندانیکردنی تاهەتایی قورسکراوی بەسەردا سەپێندرا.
 
رووداوەکە بۆ 9 ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کاتێک لە نزیک دەروازەی سنووریی دیلئوجو-ی ئیدر، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسدا تەقییەوە و بەهۆیەوە 13 پۆلیس کوژران. 
 
دوای 9 ساڵ بەسەر رووداوەکەدا، لەسەر بنەمای زانیارییەک، داواکاری گشتیی ئیدر لێکۆڵینەوەی دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا محەممەد سەلچوک دەستبەسەرکرا.