دایە مەلەک 11 منداڵ و نەوەی بە بوومەلەرزە مردن؛ 10 رۆژە فرمێسک لە چاوەکانی دەبارێت
رووداو - نوورداخ
لە بوومەلەرزەکەی 6ی ئەم مانگە لە ئیسڵاحییە، ماڵ و حاڵی دایە مەلەک و هاوژینەکەی، کە نزیکەی 50 ساڵ بوو بونیاتیان نابوو، لە چەند خولەکێکدا بوو بە وێرانە. فرمێسکی ئەوان بۆ لەدەستچوونێکی گەورەترە، ئەویش لەدەستدانی کچێک و هاوژینی کچەکەی و سێ منداڵی کچەکەیانە، واتە پێنج کەسی یەک خێزان؛ تەنیا یەک منداڵی 12 ساڵی کچەکەی بەناوی حوسێن رزگاری بووە.
مەلەک عومەر، داپیرەی حوسێن دەڵێت، "کچەکەم و هاوژینەکەی و منداڵەکانی هەموویان مردن، دەمێک بوو منداڵی نەببوو، خەریک بوو بۆ منداڵ دەمرد. ئەوان لە خەودا بوون، منداڵەکەی لەسەر شانی باوکی بوو، لە خەودا لەگەڵ دایکیان ماڵەکە بەسەریاندا رووخا."
ماڵی کچەکەی مام تۆفیر لە شارۆچکەی نوورداخ بووە، بە رووداوی گوت، هەرگیز بیری ناچێت کە دوایین داواکاریی نازێی کچی دروستکردنی قەنەفەیەک بووە لەلایەن باوکیەوە بۆ ماڵەکەی خۆی.
تۆفیر مەمەد، باپیرەی حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "کارەساتێکی گەورە بوو، زۆر گەورە بوو، خودا کەسی پێ تاقینەکاتەوە یاخوا."
بۆ بینینی حوسێن، تیمی رووداو چووە شارۆچکەی نوورداخ. تەرمی دایک و باوکی و خوشکێکی یەک ساڵان و دوو برای 15 ساڵ و 9 ساڵی حوسێن، دوای سێ رۆژ لەژێر داروپەردووی ماڵەکەیان دەرهێندران.
حەسەن تۆپاک، مامی حوسێن دەڵێت، "شەوی بوومەلەرزەکە، ئێمە لە ماڵی براکەم بووین و دانیشتبووین، نزیک کاژێر 10:00 لەوێ ویستمان بڕۆین، حوسێن بە دایک و باوکی گوت دەمەوێت بڕۆم لەگەڵیان بۆ ماڵی مامم."
ئێستا حوسێن لەلای دایکی باوکییەتی، واتە داپیرەی، ئازاری دایە دوینە بە تەنیا لەدەستدانی کوڕەکەی، واتە باوکی حوسێن و سێ منداڵەکەی نییە؛ ئەو هەر بەهۆی بوومەلەرزەکە کوڕێکی دیکەشی و هاوژینی کوڕەکەی و چوار نەوەی لەدەستداوە. بەگشتی 11 کەس لەم ماڵباتە لە بوومەلەرزەکەی 6ی شووبات گیانیان لەدەستداوە.