سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا: نەتەوە یەکگرتووەکان بووەتە کافتریایەکی نیویۆرک
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایدەگەیێنێت، پەرلەمانی وڵاتەکەی ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان نیشانداوە و دەشڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان وەک "کافتریایەکی لێهاتووە" و نەیتوانیوە رێگری لە شەڕ و جینۆساید بکات.
نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکدا لە شاری بورسا لەژێر ناونیشانی "داهاتووی تورکیا لە چوارچێوەی پێشهاتە جیهانییەکاندا"، تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە سیاسی و ستراتیژییەکانی جیهان و پرسی نێوخۆیی وڵاتەکەی، بەتایبەتی پرۆسەی چارەسەری.
کورتوڵموش ئاماژەی بە راپۆرتی "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" لە پەرلەمانی تورکیا کرد و رایگەیاند، "پەرلەمان بۆ چارەسەرکردنی قورسترین کێشەی تورکیا ئیرادەی خۆی نیشانداوە، بە کۆدەنگیی سەرجەم پارتەکان راپۆرتێکی هاوبەشی ئامادە کردووە، کە نەخشەڕێگەی چارەسەری کێشەی تێرۆر و پرسی کورد دیاری دەکات."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا جەختی لەوەش کردەوە، گەل چیدی "خوێن و فرمێسکی ناوێت"، دوای داماڵینی چەک لەلایەن پەکەکەوە، رێکارە یاساییەکان لە پەرلەمان جێبەجێ دەکرێن.
کورتوڵموش رەخنەی تووندی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان گرت و رایگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ "کافتریایەکی نیویۆرک"دا نەماوە، چونکە نەیتوانیوە رێگری لە جەنگی رووسیا - ئۆکرانیا و "جینۆسایدی غەززە" بکات.
جگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، کورتوڵموش ئاماژەی بە "شکست و سستبوونی" هەریەک لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO)، یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ کرد لە چارەسەرکردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکاندا.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا هۆشدارییدا کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکان، قەفقاز و باکووری ئەفریقا، لە ژێر کاریگەریی تووندی گۆڕانی هاوسەنگیی هێزەکاندایە لە جیهاندا.
کورتوڵموش داوای کرد تورکیا جیاوازییە سیاسی، مەزهەبی و کولتوورییەکان بنێتە لاوە و "قەڵای نێوخۆیی" خۆی بەهێز بکات، بۆ ئەوەی بتوانێت لەلایەک سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و لەلایەکی دیکەشەوە رووبەڕووی مەترسییەکان ببێتەوە.