پەرلەمانی تورکیا مافی پەرلەمانتاری بۆ گەرگەرلیئۆغڵو گەڕاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
کاژێر 14:30ی رۆژی هەینی 16ی تەممووزی 2021، لە کۆبوونەوەی ئاسایی پەرلەمانی تورکیادا بڕیارەکەی دادگەی سزا قورسەکانی کۆجائەلی تایبەت بە بێتاوانیی عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە کە پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرابوو، خوێندرایەوە و مافی پەرلەمانتاریی بۆ گەڕێندرایەوە.
بە خوێندنەوەی بڕیارەکە لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا جارێکی دیکە مافی پەرلەمانتارێتی بەو پەرلەمانتارەی هەدەپە درایەوە و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی هەدەپەش بە چەپڵەڕێزان پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد، پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی جەهەپەش پیرۆزباییان لە گەرگەرلیئۆغڵو کرد.
بەر لە کۆبوونەوەکە، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیبوی "بۆ گەڕاندنەوەی مافی پەرلەمانتاریم، ئەمڕۆ بڕیاری دادگە دەخوێندرێتەوە. کاژێر 14:30 دوای خوێندنەوەی بڕیارەکە دەگەڕێمەوە هۆڵی پەرلەمانی تورکیا. کەس بە ناڕەوا ئەو مافەی پێ زەوت ناکرێت کە گەل پێی بەخشیووم؛ ئەوەی سەرکەوتووە، ویستی گەلە".
عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لە رۆژی 21ی شوباتی 2018 و بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و کەجەکە لەلایەن دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی کۆجائەلی سزای زیندانیکردنی بۆ دەرکرابوو، ئەوەش پێش ئەوەی ببێتە پەرلەمانتار.
ئەو بڕیارەی دادگەی کۆجائەلی دوای ئەوەی لەلایەن سێیەمین هۆبەی سزای دادگەی هەرێمیی ئیستەنبووڵ بە بڕیارێکی یاسایی گونجاو پەسندکرا، بەمەبەستی تێهەڵچوونەوە رەوانەی دادگەی باڵا کرا و 16ـەمین هۆبەی سزای دادگەی باڵاش بڕیاری دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی گەرگەرلیئۆغڵوی پەسندکرد.
رۆژی چوارشەممە 17ی ئاداری 2021 دوای خوێندنەوەی بڕیاری دادگە لە پەرلەمان، پارێزبەندی لەسەر عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو هەڵگیرا و مافی پەرلەمانتاریی لێ وەرگیرایەوە.
دوای بڕیارەکە گەرگەرلیئۆغڵو باڵەخانەی پەرلەمانی جێنەهێشت و لە هۆڵی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان مایەوە. لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماری و بە پاساوی کردنەوەی دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوە، کاژێر 06:30 خولەکی 21ی ئادار لە پەرلەمان دەستبەسەرکرا و هەمان رۆژ دوای ئەوەی گوتەی لێوەرگیرا، ئازادکرا. دواتر لە 2ی نیسانی 2021 دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە.
پارێزەرانی گەرگەرلیئۆغڵو تانەیان لە بڕیارەکەی دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی کۆجائەلی دا.
دادگەی دەستووریی تورکیا رۆژی 1ی تەممووزی 2021 بڕیارەکەی دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی کۆجائەلی بە پێشێلکردنی ماف و ئازادیی تاک ناوبرد و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی دەرکرد، بەڵام هەمان رۆژ گەرگەرلیئۆغڵو ئازادنەکرا.
دوای ئەوەی دووەمین دادگەی سزا قورسەکانی کۆجائەلی بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگەی دەستوور بڕیاری ئازادکردنی دەرکرد، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو رۆژی 6ی تەممووز لە گرتووخانەی سینجانی ئەنقەرە هاتەدەرەوە.