مێرمنداڵێکى عێراقى لە تورکیا دۆزرایەوە، تەمەنی ساڵێک بووە داعش دایک و باوکی کوشتووە و رفاندوویەتی
رووداو دیجیتاڵ
تەمەنی کەمتر لە ساڵێک بووە کە داعش باوک و دایکی کوشتووە و رفاندوویەتی، بە 12 ساڵی لە تورکیا دۆزرایەوە، ئەمە چیرۆکی عەلی غازییە، کە باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە بە کەسوکارەکەی شاد کردەوە.
رادەستکردنەوەی عەلی غازی بە کەسوکارەکەی لە 15ى کانوونی یەکەمی 2025 بووە لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لەدوای ئەوەی پشکنینی DNAی بۆ کرا و کەسوکارەکەی دۆزرایەوە.
ئەو باڵیۆزخانەیە لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو مێرمنداڵە لە ساڵی 2014 لەلایەن داعشەوە رفێنراوە، لەدوای ئەوەی چەکدارانی رێکخراوەکە دایکی و باوکیان کوشتووە.
ئەو مێرمنداڵە بۆ یەکەمجار ساڵی 2022 لە خانەیەکی سەرپەرشتیاریی منداڵ لە ئەنقەرە دۆزرایەوە، کە ناوەندێکی فەرمیی حکومەتی ئەو وڵاتەیە.
لەدوای پشکنین و ناسینەوەی لە ئەنقەرە، رادەستی مامێکی کراوەتەوە. باڵیۆزخانەکە رێکارە یاساییەکانی گرتووەتە بەر بۆ دەرهێنانی پاسپۆرت و بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ ئەو مێرمنداڵە وەک ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەی.
یەکێک لەو شوێنانەی باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بەوە داوە کە بەشدار بووە لە گەڕان بەدوای ئەو مێرمنداڵە و ناسینەوەی، بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووانی ئێزدی"ـیە، کە سەر بە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییە و ئەندامە لە لیژنەی باڵای بەدواداچوون بۆ کەسانی بێسەروشوێن.
سێشەممە 16ى کانوونی یەکەمی 2025، حەسەن خەوام، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو کوڕە تورکمانە و گەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق".
هەنگاوی سەرەتای گەڕان بەدوای ئەو مێرمنداڵە لە بڵاوکردنەوەی وێنەکەیەوە دەستی پێکردووە لە چەند گرووپێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ژنانی رزگاربووی دەستی داعش و دواتر ناسراوەتەوە.
حەسەن خەوام رایگەیاند، لەدوای ناسینەوەی و ناردنی وێنەکەی بۆ کەسوکارەکەی، مامی ناسیوویەتییەوە و پشکنینی DNAی لێ وەرگیراوە تاوەکو بەراورد بکرێت. ئەو رێکارانە ماوەی ساڵێکی پێچووە.
لە ساڵی 2014 رێکخراوی داعش چەند ناوچەیەکی عێراقی کۆنترۆڵ کرد، لە ساڵی 2017 ئەو ناوچانە لەلایەن پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئازاد کران.
زەیما محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە تورکیا قسەم کرد و ئەوەیان پێڕاگەیاندم ئەو مێرمنداڵە خەڵکی قەزای تەلەعفەرە لە سنورى پارێزگاى نەینەوا و رۆژی دووشەممە گەڕێنراوەتەوە عێراق. ئەگەر هەیە خێزانەکەی لەدوای هاتنی داعش چووبێتنە کەرکووک و لەوێ رفێنرابێت".