بۆسنە لە ساردترین ساڵیدایە

رووداو - بۆسنە

بەهۆی بەفربارین و دابەزینی پلەکانی گەرما، رووباری بۆسنە کە دەکەوێتە نزیک شاری زێنیکا بە تەواوەتی بەستوویەتی. وەک دانیشتوانی ناوچەکەش باسی دەکەن لەماوەی 100 ساڵی رابردوو سەرمای لەو شێوەیەیان نەبینیوە.

تاکە ترسی خەڵک و، بەرپرسانی ناوچەکە توانەوەی سەهۆڵی رووبارەکەیە، بۆیە حکومەت چاودێری وردی دۆخەکە دەکات و ئاگاداری خەڵکی ناوچەکەی کردووەتەوە.

زستانی ئەمساڵی ناوچەکە زستانێکی سارد و سەختە. بەجۆرێک تەواوی رووباری ناوچەکەی بە بەفر داپۆشیوە و بەستوویەتی. ئەوەش رووداوێکە هەرگیز پێشتر لە ناوچەکە رووی نەداوە.
 
ئەژید کەریچ، خەڵکی ناوچەكە دەڵێت "تەمەنم 50 ساڵ دەبێت، بەڵام هەرگیز شتی وام نەبینیوە. پێشتر هەندێکجار چەند بەشێکی رووبارەکە دەیبەست، بەڵام ئەمجارەیان هەمووی بەستوویەتی.  پێشتر هەرگیز شتی وامان نەبینیوە".

دازاڤید ئەلیژەکیک، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی زێنیکا دەڵێت "ئێمە لە هەینی رابردووەوە چاودێری دۆخەکە دەکەین. ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ ئەوەی هاوکاری خەڵکەکەمان بکەین ئەگەر سەهۆڵەکە بتوێتەوە. لەو بارەوە هۆشداریمان بە خەڵکی ناوچەکە داوە، هەروەها داوامان لێکردوون کە خۆشیان چاودێری دۆخەکە بکەن".

داڕشتنەوە: حەكیم داود