دەم پارتی: کەشوهەوا سەردانی شاندی ئیمراڵیی بۆلای ئۆجەلان دواخستووە
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایدەگەیێنێت، سێ ئەندامەکەی شاندی ئیمراڵی ئامادەن و تەنیا "کەشوهەوا" بووەتە رێگر لەبەردەم سەردانەکەیان بۆلای عەبدوڵڵا ئۆجەلان. هاوکات رەتیدەکاتەوە هەسەدە و رۆژئاوای کوردستان گوێ لە ئۆجەلان نەگرن.
شەوی رابردوو 16-01-2026 تەیب تەمەل، یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا، لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە گوتی، "وەکو هەمیشە، پێشبینی دەکرێت سێ ئەندامی شاندەکەمان سەردانی دوورگەکە بکەن. ئێستا کەشوهەوا کەمێک ئاستەنگە، بەڵام لە یەکەم دەرفەتدا کە کەشوهەوا گونجاو بێت، سەردانەکە دەکرێت."
سەبارەت بە رەوشی ئێستای ئیمراڵی، تەیب تەمەل ئاماژەی بەوە کرد، دۆخەکە وەک پێشوو نییە و "گۆشەگیری" نەماوە، بەڵکو پەیوەندییەکان بەردەوامن. تەمەل دەڵێت، "بەڕێز ئۆجەلان چەند پێشنیازێکی کردووە، ئێستا چاوەڕێی وەڵامیانە و دەیەوێت لە کردەوەدا ئەنجامەکانیان ببینێت."
یاریدەدەری هاوسەرۆکی دەم پارتی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە، باس لەوە دەکەن گوایە "هەسەدە یان رۆژئاوای کوردستان گوێ لە ئۆجەلان ناگرن" و بە "دوور لە راستی" وەسفی کردن.
تەمەل گوتی، "ئەو قسانە راست نین؛ بە پێچەوانەوە، هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئادار، دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکانی بەڕێز ئۆجەلانن بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ."
ئەو بەرپرسەی دەم پارتی وەبیریشی هێنایەوە، پێشتر ئۆجەلان چەند پێشنیازێکی بۆ هەریەک لە هەسەدە، سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کردبوو، جەختیشی کردەوە، "ئەو پەیامانە گەیشتوونەتە هەموو ئەکتەرەکانی نێو پرۆسەکە."
تەیب تەمەل باسی لە دۆخی حەلەب و هێرشەکانی سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەو شارەش کرد و گوتی، "دوای ئەو رووداوانە، لە تورکیا زمانی شەڕ و رووبەڕووبوونەوە بڵاودەکرێتەوە و زمانێکی رەگەزپەرستانە و نکۆڵیکاری جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە."
سەبارەت بە رەفتاری چەکدارانی سوپای عەرەبیی سووریا لە دژی کورد، تەمەل نیگەرانیی خۆی نیشاندا و گوتی، "بینیمان دوای ئەوەی شەڕ رووی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە کرد، چ مامەڵەیەک لەگەڵ خەڵکی سڤیل و تەرمی ژناندا کرا."