تورکیا هاووڵاتییانی ئوسترالیا لە وەرگرتنی ڤیزە دەبەخشێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا، مەرسوومێکی واژۆ کرد کە هاووڵاتییانی ئوسترالیا لە وەرگرتنی ڤیزە بۆ گەشتیاری و ترانزێت دەبەخشرێن.
بەیانی ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسانی 2026، مەرسوومە واژۆکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە رۆژنامەی فەرمیی تورکیا بڵاوکرایەوە.
لە مەرسوومەکەدا هاتووە: "بڕیاردراوە هەڵگرانی پاسپۆرتی ئاسایی ئوسترالیا، لە رێککەوتی 17-04-2026ـەوە لە وەرگرتنی ڤیزە ببەخشرێن. ئەمەش بۆ گەشتە گەشتیارییەکانیان و تێپەڕبوونیان بە خاکی تورکیادا، کە دەتوانن لە هەر شەش مانگ جارێک بۆ ماوەی سێ مانگ بمێننەوە.
بڕیارەکە بە پشتبەستن بە ماددەی 18ـی یاسای بیانییەکان و پاراستنی نێودەوڵەتیی ژمارە 6458 دەرکراوە.
بەم مەرسوومە نوێیە، کۆی گشتیی ئەو وڵاتانەی لە ڤیزەی تورکیا بەخشراون، گەیشتە 95 وڵات.