نێچیرڤان بارزانی: سوپاسی سەرۆکوەزیرانی پاکستانم کرد بۆ ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران

 
رووداو دیجیتاڵ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی پاکستان دەکات لەو رۆڵەی حکومەتی وڵاتەکەی گێڕاویەتی بۆ ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران.
 
رۆژی هەینی 17-04-2026 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی لەبارەی دیدارەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "سوپاسی شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانم کرد بۆ ئەو رۆڵە گرنگەی پاکستان گێڕاویەتی لە کارئاسانیکردن لە ئاگربەستی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران."
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، هەر لە دیدارەکەدا "جەختمان لە دیالۆگ و دیپلۆماسی بۆ سەقامگیریی ناوچەیی بەردەوام کردەوە."
 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 16-04-2026 بە بانگهێشتێكی فەرمی گەیشتە ئەنتاڵیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیا.
 
نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لە یەکەم رۆژی کۆڕبەندەکەدا ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی گرنگی هەبوو، وەک دیدار لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا؛ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان؛ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان.
 
جگە لەم دیدارانە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک کۆبوونەوەی هەبوو کە لەگەڵ سەرکردەکان بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد، لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری سووریا؛ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا؛ سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هامیش فالکۆنەر، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست؛ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و لوئیجی دی مایۆ، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری کەنداو.