دوای هێرشکردنە سەر قوتابخانەکان سیناریۆی دراما تورکییەکان دەگۆڕدرێن


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو هێرشانەی کرانە سەر دوو قوتابخانە لە باکووری کوردستان و تورکیا، پیشەسازیی دراما لەو وڵاتە کەوتووەتە ژێر گوشار و بڕیاردراوە سیناریۆی چەند زنجیرەیەک بگۆڕدرێن و دیمەنەکانی تووندوتیژییان تێدا کەم بکرێتەوە، هاوکات چەندین کۆمپانیاش سپۆنسەرکردنی ئەو جۆرە درامایانەیان راگرت.
 
کاردانەوەکان دژی ئەو هێرشانەی کرانە سەر دوو قوتابخانە لە شارەکانی رووها و مەڕەش بەردەوامن. ئەو دوو رووداوەی کە تێیاندا مامۆستایەک و 10 قوتابی گیانیان لەدەستدا و 32ـی دیکەش بریندار بوون، تورکیای هەژاندووە و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای باوانی قوتابیان دروست کردووە سەبارەت بە ئاسایشی ناوەندەکانی خوێندن.
 
بەپێی میدیاکانی تورکیا، بەهۆی ئەم کارەساتانەوە، پەخشکردنی ئەڵقەی نوێی هەندێک زنجیرە درامای تاوانکاری و تووندوتیژی لە خشتەی پەخشکردن دەرهێنراون. بەرهەمهێنەران کەوتوونەتە جووڵە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە سیناریۆکانیاندا بکەن و دیمەنی چەک و کوشتن کەم بکەنەوە.
 
ئەو زنجیرانەی کە بڕیارە گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکیاندا بکرێت بریتین لە (Yeraltı، Eşref Tek، A.B.I و Taşacak Bu Deniz). بڕیار وایە ئەڵقە نوێیەکانی ئەم زنجیرانە بەپێی ئەم گۆڕانکارییە نوێیانە دابڕێژرێنەوە کە تێیاندا تووندوتیژی رەنگنەداتەوە.
 
گۆڕانکارییەکان تەنیا لە ئاستی هونەریدا نەماونەتەوە، بەڵکو کاریگەرییەکی گەورەی داراییان دروستکردووە. بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی بواری ریکلام بڕیاریان داوە سپۆنسەرکردنی ئەو بەرهەمە تەلەڤزیۆنییانە رابگرن کە تووندوتیژییان تێدایە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک و هەوڵێک بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی بیری تووندوتیژی لەنێو کۆمەڵگەدا.