ئەردۆغان: دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ سزا سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر تورکیا کەمکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ بووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا، سزا سەربازییەکانی واشنتن بۆ سەر ئەنقەرە کەمکراونەتەوە و هەنگاوی خێراش دەنرێت بۆ ئەوەی بە تەواوی لاببرێن.
لە کاتی گەڕانەوەیدا لە لووتکەیەکی ئەورووپی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دەتوانین بە ئاسانی بڵێین کە سووککردنێک هەیە لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە رێگەی سزاکانەوە،" کە مەبەست لێی ئەو یاسایەیە کە بۆ سزاسەپاندن بەسەر تورکیادا پشتی پێبەستراوە.
لە ساڵی 2020، بەپێی یاساکەی ساڵی 2017 کە بە (CAATSA) ناسراوە و ئامانج لێی کەمکردنەوەی کاریگەریی سەربازیی رووسیایە، واشنتن سزای بەسەر ئەنقەرەدا سەپاند بەهۆی کڕینی سیستمی بەرگریی مووشەکیی زەوی- ئاسمانی ئێس-400ـی رووسییەوە.
ئەم هەنگاوە بووە هۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەندام لە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ).
واشنتن تورکیای لە بەرنامەی فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئێف-35 کردە دەرەوە و رایگەیاند کە سیستەمی ئێس-400 رێگە بە رووسەکان دەدات زانیاری لەبارەی تواناکانی فڕۆکە تارماییەکە کۆبکەنەوە.
ئەردۆغان گوتی، تورکیا پرسی سزاکانی لەگەڵ ترەمپ و تۆم باراک، نێردە تازە دەستنیشانکراوەکەی بۆ ئەنقەرە، باسکردووە.
گوتیشی: "لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپی دۆستم، پەیوەندییەکی بنیاتنەر، راستگۆیانە و کراوەترمان سەبارەت بەم پرسانە بەدەستهێناوە،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا "هەموو هەنگاوێکی ئەرێنی بەم ئاراستەیەدا بەرز دەنرخێنێت."
روونیشیکردەوە: "پێموایە ئێمە بە خێراییەکی زیاترەوە یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمریکا لە رێگەی سزاکانەوە تێدەپەڕێنین. وەک دوو هاوپەیمانی گرنگ لە ناتۆدا، نابێت هیچ کۆتبەند و بەربەستێک لە بواری بەرگریدا لە نێوانماندا هەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، هاوبەشیی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا "گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری لە ناوچەکەمان و جیهاندا."
لە مانگی ئاداردا، ئەردۆغان و ترەمپ باسیان لە پێویستیی تەواوکردنی گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-16ی ئەمریکی لەلایەن تورکیاوە و دووبارە بەشداربوونەوەی لە بەرنامەی پەرەپێدانی فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35دا کرد.
لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی هێزی ئاسمانیدا، تورکیا هەوڵی کڕینی 40 فڕۆکەی یۆرۆفایتەر تایفوون دەدات کە بە هاوبەشی لە لایەن ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا دروست دەکرێت