شیمشەک دەڵێ پار زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی باکووری کوردستانیان کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، پار زیاتر لە 3 ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی پارێزگاکانی باکووری کوردستانیان کردووە. دەشڵێت، داهاتی گەشتیاریی تورکیا 65 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە رێوڕەسمی راگەیاندنی "رێڕەوی شارە دێرینەکانی ئێلیە-شرنەخ" لە ناوچەی حەسەنکێف گوتارێکی پێشکێش کرد و ئامارە نوێیەکانی کەرتی گەشتیاریی وڵاتەکەی و ناوچەکەی ئاشکرا کرد.
 
وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا، تیشکی خستە سەر گەشەی گەشتیاری لە باکووری کوردستان (رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ) و گوتی، "پار نزیکەی 3 ملیۆن و 53 هەزار گەشتیاری بیانی سەردانی ئەم ناوچانەیان کردووە، کە دەکاتە 5.8%ی کۆی گشتیی گەشتیارانی وڵات."
 
شیمشەک ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا لە هەر 100 گەشتیار تەنیا 6 گەشتیار روو لەو ناوچانە دەکەن، بەڵام پێشبینی دەکات بەهۆی سەقامگیریی ئەمنییەوە، ناوچەکەببێتە جەمسەرێکی گرنگ و گوتی: "باوەڕم وایە ئەم جوگرافیایە دەبێتە یەکێک لە بزوێنەرە نوێیەکانی گەشەی گەشتیاری. لێرە گەورەترین مۆزەخانەی کراوەی جیهان هەیە؛ لە گۆبەکلیتەپە و نەمرودەوە تاوەکو شوێنەوارەکانی حەسەنکێف، ئامەد و مێردین."
 
سەبارەت بە پێگەی تورکیا لەسەر نەخشەی گەشتیاریی جیهان، محەممەد شیمشەک گوتی، "ساڵی 2002 لە پلەی 20ەمین بووین، بەڵام پار بووینە چوارەم وڵات لەسەر ئاستی جیهان بۆ راکێشانی گەشتیار. میوانداریی زیاتر لە 64 ملیۆن گەشتیارمان کردووە و 65.5 ملیار دۆلار داهاتمان هەبووە، بەمەش لە داهاتی گەشتیاریدا لە پلەی حەوتەمی جیهانداین."
 
وەزیری دارایی تورکیا باسی لەوەش کرد کە حکومەتەکەیان بەردەوامە لە پشتگیریکردنی کەرتی گەشتیاری، بۆ ئەو مەبەستەش بڕی 60 ملیار لیرە (نزیکەی 1.3 ملیار دۆلار) قەرزیان بۆ کەرتەکە دابین کردووە و باجی مانەوەیان لە هۆتێلەکان لە 2%ـەوە بۆ 1% کەمکردووەتەوە، تاوەکو کاریگەریی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لەسەر گەشتیاری کەم بکەنەوە.
 
محەممەد شیمشەک رایگەیاند: ئامانجیانە ئێلیە (باتمان) و شرنەخ بە مێژوو و کولتوورە دێرینەکەیانەوە بە جیهان بناسێنن، چونکە ئەو ناوچانە خاوەن مێژوویەکی 12 هەزار ساڵەن و چیرۆکی بێوێنەیان بۆ گەشتیاران پێیە.