ئەردۆغان: لەمەودوا بودجەی شەڕی تیرۆر بۆ پەروەردە و زانست خەرج دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ستراتیژی ئەوان لە قۆناخی نوێدا "تورکیایەکی بێ تیرۆرە" و دەیانەوێت ئەو سەرچاوە داراییانەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێن، ئاراستەی کەرتی پەروەردە، زانست و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان بکرێن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی بەشداریکردنی لە "کەرنەڤاڵی گەنجان" لە پارێزگای کۆجائێلی، گوتارێکی پێشکێش کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕینی سیاسەتی ئابووری و سەربازیی وڵاتەکەی و گوتی، "ئێمە دەمانەوێت ئەو سەرچاوە داراییانەی کە بۆ شەڕی دژی تیرۆر خەرج دەکرێن، لەمەودوا بۆ بوارەکانی پەروەردە، زانست، بەرهەمهێنان، گواستنەوە و تەکنەلۆژیا بەکاربهێندرێن."
ئەردۆغان ئامانجی ئەم هەنگاوەی بۆ دابینکردنی ئارامی بۆ گەنجان گەڕاندەوە و رایگەیاند، "دەمانەوێت لەم وڵاتەدا چیدی دڵی دایکان بە داخی رۆڵەکانیانەوە نەسووتێت و گەنجانمان لە بەهاری تەمەنیاندا لە ژیان دانەبڕدرێن. لە قۆناخێکدا کە تیرۆر تێیدا بێدەسەڵات دەکرێت، گەنجانمان نە تووشی پەشیمانی دەبن و نە منەتی کەسیشیان بەسەرەوە دەبێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا لەسەر ئاستی جیهانی گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و گوتی، "ئێستا وڵاتێک هەیە کە لە کاتی قەیرانە جیهانییەکاندا بە پێوە وەستاوە، لەسەر مێزی گفتوگۆکان گوێی لێ دەگیرێت و لە مەیدانیشدا هێزی هەست پێدەکرێت." هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی پشتبەستنی بە دەرەوە لە کەرتی پیشەسازیی بەرگری و وزەدا شکاندووە.
ئەردۆغان رایگەیاند، حکومەتەکەی "بەبێ جیاوازیی بیروڕا، شێوازی ژیان، باوەڕ، ناوچە و رەگەز" رێز لە تەواوی گەنجانی تورکیا دەگرێت و وەک تاقە هیوایەک بۆ بنیادنانی "سەدەی تورکیا" سەیریان دەکات.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تێچووی شەڕی 45 ساڵەی نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە نزیکەی 2 بۆ 3 ترلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت. ئەم بڕە پارە زەبەلاحە تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، کڕینی چەک و ئەو زیانە ئابوورییانە دەگرێتەوە کە بەهۆی شەڕەوە لە کەرتی وەبەرهێنان لە تورکیا و باکووری کوردستان کەوتوون.