گەشتوگوزاری تورکیا: هەر دراما و فیلمێک بایەخ بە ناوچە گەشتیارییەکانمان بدات، پاڵپشتیی دارایی دەکەین
رووداو دیجیتاڵ
محەممەد نووری ئەرسۆی، وەزیری کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، لە فێستیڤاڵی (رێڕەوی کولتووری ئەسکی شەهیر)دا لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆبووەوه و هەڵسەنگاندنی بۆ ستراتیژیی نوێی گەشتوگوزار، پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکان، پڕۆژەی فۆرمولا -1 و چالاکییە نێودەوڵەتییەکان کرد.
ئەرسۆی رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان گۆڕینی کەرتی گەشتوگوزارە بۆ پێکهاتەیەکی بەهێز کە لە بەرامبەر قەیرانەکاندا خۆڕاگر بێت؛ راشیگەیاند کە لە رێگەی (ئاژانسی پەرەپێدان و ناساندنی گەشتوگوزاری تورکیا)ەوە چالاکییەکانی ناساندن، ریکلامکردن و هەمەجۆریی بەرهەمە گەشتیارییەکانیان زیاتر کردووە.
ئەرسۆی تیشکی خستە سەر دۆخی سیاسیی ناوچەکە و گوتی: "تورکیا پێگەی خۆی وەک دوورگەی سەقامگیری دەپارێزێ. سەرەڕای ژینگەی شەڕ لە دەوروبەرمان، چاوەرێی جووڵەیەکی بەهێزی گەشتیارین. ئێمە پێشتر تەنیا لە 6 بۆ 7 وڵاتەوە گەشتیارمان بۆ دەهات، بەڵام ئێستا لەنێو خەڵکی نزیکەی 200 وڵاتدا ریکلام دەکەین و گەشتیار دەهێنین."
وەزیری گەشتوگوزاری تورکیا ئاماژەی بە گەشەی ئابووریی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ کرد کە 4.2٪ی تۆمار کردووە و گوتی: "ئەگەر شەڕ لە 28ی شوباتدا دەستی پێنەکردایە، ئەم رێژەیە زۆر بەرزتر دەبوو."
ئەرسۆی باسی لە پڕۆژەی کەناراوە گشتییە بێ بەرامبەرەکان کرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی خزمەتگوزاریی کواڵیتی بەرزدا ژمارەی کەناراوە گشتییە بێ بەرامبەرەکان لە 20 کەناراوەوە بۆ 23 کەناراو لە ساڵی 2026 زیاد دەکەن، بە تایبەتی لە ناوچەکانی وەک بۆدروم، ئەنتاڵیا، سیدە و کەناراوە نوێیەکانی بەدلیس، سینۆپ و سامسۆن.
سەبارەت بە پێشبڕکێکانی فۆرمولا 1، وەزیری گەشتوگوزار باسی لەوەکرد، تیمێکی تایبەتیان بۆ ئەم مەبەستە پێکهێناوە و ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەی ئۆکتۆبەری 2027 دەستیان پێکردووە، بە شێوازێک کە پاکێجی تایبەت بۆ گەشتیاران ئامادە دەکرێ تاوەکو پێش پێشبڕکێکە و دوای پێشبڕکێکەش لە ناوچە کەناراوەکانی ئیجە و دەریای نێوەڕاست بمێننەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا ئەرسۆی باسی لە گرنگیی گێڕانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارییە مێژووییانە کردەوە کە بە قاچاخ براونەتە دەرەوە و رایگەیاند، "نزیکەی سێیەکی ئەو پارچە شوێنەوارییە کولتوورییانەی لە مێژووی کۆماردا گێڕدراونەتەوە، لە 25 ساڵی رابردوودا بووە و نیوەی ئەو رێژەیەش تەنیا لە 8 ساڵی رابردوودا گەڕێندراونەتەوە وڵات."
وەزیری گەشتوگوزاری تورکیا باسی لەوە کرد، بەهۆی کاریگەریی بەهێزی دراما تورکییەکان لە جیهاندا مۆدێلێکی نوێی پشتگیریی داراییان بۆ ساڵی 2026 داڕشتووە، بە شێوەیەک کە هەر دراما و فیلمێک لە سیناریۆکەیدا بایەخ بە ناساندنی کولتوور و ناوچە گەشتیارییەکانی تورکیا بدات، بەپێی رێژەی بینینی لە دەرەوەی وڵات، پاڵپشتی دارایی پێشکەش دەکرێ.
ئەرسۆی تیشکی خستە سەر رۆژژمێری چالاکییە نێودەوڵەتییەکانی تورکیا و رایگەیاند، لە 30ی ئایاردا کۆنسێرتی گەورەی "کانیێ وێست" بە ئامادەبوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس بەڕێوەدەچێت و لە 20ی ئایاردا یاریی کۆتایی خولی ئەورووپا (UEFA) لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت کە تەواوی بلیتەکانی فرۆشراون، ئەمەش جووڵەیەکی گەورەی ئابووری و گەشتیاری بۆ وڵات دروست دەکات.
لە ساڵی 2025دا 64 ملیۆن گەشتیار سەردانی تورکیایان کرد و داهاتی کەرتی گەشتیاری بریتی بوو لە 65.2 ملیار دۆلار. بۆ ساڵی 2026 تورکیا ئامانجی وایە داهاتی گەشتیاری بۆ 68 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە.